٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

شاندی ئه‌مه‌ریكا: ئەمەریكا تێگەییشتنێكی قووڵ هەیە بەرانبەر پەیوەندیی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  شاندێكی هاوبەشی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا له‌ دیداریاندا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، بە پێزانینەوە باسی گیانی مرۆڤدۆستیی هەرێمی كوردستانیان كرد. هاوكات بە (سەرۆك بارزانی)یان ڕاگەیاند كە لە ئەمەریكا تێگەییشتنێكی قووڵ هەیە بەرانبەر پەیوەندیی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هاتوونە كە لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشەكە ببن و هەڵسەنگاندن بۆ هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگە بكەن.

ئه‌مڕۆ یەكشەممە 28ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و ژمارەیەك كاربەدەست و ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستاییشی ئەو پێكەوەژیان و پێشكەوتنەیان كرد كە لە هەرێمی كوردستاندا هاتووەتە ئاراوە و هەروەها ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی)یان لە سەركردایەتیكردنی پڕۆسەی سیاسی و شەڕی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند و، سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد كە زۆر ئازایانە بە ڕووی تیرۆریستاندا هاتوونەتەوە و لەپێناو پاراستنی هاووڵاتیان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان قوربانیی زۆریان داوە.
هه‌روه‌ها سوپاسی حكوومەت و گەلی كوردستانیشیان كرد كە بوونەتە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارەی سووریا و ناوخۆی عێراق و بە پێزانینەوە باسی گیانی مرۆڤدۆستیی هەرێمی كوردستانیان كرد. شاندی میوان ئەوەیان بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە لە ئەمەریكا تێگەییشتنێكی قووڵ هەیە بەرانبەر پەیوەندیی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هاتوونە كە لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشەكە ببن و هەڵسەنگاندن بۆ هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگە بكەن و لەبارەی ڕەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و داهاتووی ناوچەكە چەند پرسیارێكیان ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) كرد.

لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەمەریكایشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پشتیوانی خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بوونە.
(سەرۆك بارزانی) هاوكات كورتەیەكی لەبارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە خستەڕوو و ڕۆشنایشی خستە سەر بارودۆخی گشتیی ناوچەكە و ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان بۆ پاراستنی خۆی پێویستی بە چەكە چونكە ئێمە لە ناوچەیەك دەژین كە بەردەوام هەڕەشە و توندڕۆیی تازە سەر هەڵدەداتەوە. پەیوەست بە بارودۆخی مووسڵ لە دوای شەڕی داعش (سەرۆك بارزانی) ئەوەی ڕاگەیاند كە بە حوكمی ئەوەی پێكهاتەی ئایینی و نەتەوەیی جۆراوجۆر لە نەینەوا دەژیین پێویستە لە قۆناغی دوای داعشدا سیغەیەكی وا دابڕێژرێت كە هەموو پێكهاتەیەك لە ئایندەی خۆی دڵنیا بێت و بەشداری بەڕێوەبردن و دیاریكردنی چارەنووسی خۆیان بن. چونكە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا بە ئەزموونێكی زۆر تاڵدا تێپەڕیون و دەبێ داهاتوویان گەرەنتی بكرێت.

تاوتووكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەروەها پاشه‌رۆژی عێراق و ڕێگەكانی چارەسەركردنی قەیرانەكانی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار