سەرۆكی هەرێم و جێنشینی ئیمارات جەختیان لە فراوانکردنی پێوەندییەکان کردەوە

ئیمارات-KDP.info-(سەرۆک بارزانی) لە شاری ئەبوزەبی لەلایەن شێخ (موحەمەد بن زاید) جێنشینی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی پێشوازی لێکرا و لە دیدارێكی گەرم و دۆستانەدا باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارات و چۆنییەتی بەرەوپێشبردن و فراوانتركردنی كرا.
لە درێژەی سەردانی (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری بۆ وڵاتانی كەنداو ڕۆژی دووشەممە 15ـی 6ـی 2015 لە شاری ئەبوزەبی شێخ (موحەمەد بن زاید) جێنشینی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی پێشوازی لە (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد.
لە دیدارێكی گەرم و دۆستانەدا باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارات و چۆنییەتی بەرەوپێشبردن و فراوانتركردنی كرا و هەروەها دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان خرایە بەر باس و گفتوگۆ. تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە تاوتوێكردنی بارودۆخی مرۆیی و ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران بوو كە لەبەر هەڕەشەی تیرۆریستان ماڵ حاڵی خۆیان جێ هێشتووە.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم دیدارەدا (مەسرور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و (فوئاد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و (عەلی سندی) وەزیری پلاندانان و (سەلاحەدین بابەكر) وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێم یاوەری (سەرۆك بارزانی) بوون




