٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی و ئەمیری کوێت کۆ بوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

کوێت-KDP.info-لەمیانی سەردانی بۆ وڵاتی کوێتدا (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ ئەمیری کوێت و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای کوێت کۆ بووەوە؛ ئەمیری كوێت خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی (سەرۆك بارزانی) نیشاندا و بە گەرمی بەخێرهاتنی كرد.

لە چوارچێوەی سەردانی فەرمیی (سەرۆك بارزانی) و شاندە یاوەری بۆ وڵاتی كوێت ڕۆژی یەكشەممە 14ـی 6ـی 2015 شێخ (سەباح ئەحمەد جابر ئەلسەباح) ئەمیری كوێت لە كۆشكی ئەلسەیف پێشوازی لە (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كرد. لە كۆبوونەوەیەكدا ئەمیری كوێت خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی (سەرۆك بارزانی) نیشاندا و بە گەرمی بەخێرهاتنی كردن. لەدوای ئەوە (سەرۆك بارزانی) و ئەمیری كوێت كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵیان ئەنجامدا و تێیدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە تاوتوێ كرا.

هەر هەمان ڕۆژ (سەرۆك بارزانی) لە شوێنی مانەوەی خۆی پێشوازی لە شێخ (ناسر سەباح ئەلئەحمەد ئەلسەباح) كرد و لە دانیشتنێكدا بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی ناوچەكە و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی كوێت خرایە بەر باس.

لەدوای ئەم كۆبوونەوەیە (سەرۆك بارزانی) لە شوێنی مانەوەی خۆی پێشوازی لە شێخ (جابر ئەلموبارەك ئەلحەمەد ئەلسەباح) سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوێت كرد. لە دیدارەكەدا باس لە پێوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی كوێت و چۆنییەتی فراوانكردنی پەیوەندییەكان كرا بە تایبەت لەبواری ئابووری و وەبەرهێنان و هاندانی وەبەرهێنەرە كوێیتییەكان بۆ وەبەرهێنانیان لە كوردستان. لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا بە مەبەستی فراوانتركردنی پەیوەندییەكان كردنەوەی هێڵی ڕاستەوخۆی فڕۆكەوانی لەنێوان هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و شاری كوێت تاوتوێ كرا.

نیوەڕۆی ڕۆژی یەكشەممە 14ـی 6ـی 2015 لەسەر شەرەفی (سەرۆك بارزانی) نیوەڕۆخوانێك لە لایەن شێخ (نواف ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح) وەلی عەهدی كوەیت بۆ (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری ساز كرا كە سەرۆكوەزیرانی كوێت و ژمارەیەكی زۆری وەزیر و بەرپرسانی دەوڵەت ئامادەی بوون.

(سەرۆك بارزانی) لە دوایین وێستگەی سەردانی خۆی بۆ دەوڵەتی كوێت سەردانی كۆنسوڵخانەی عێراقی لە شاری كوێت كرد و لە لەلایەن (محەمەد حوسێن بەحرلعلوم) باڵیۆزی عێراق لە كوێت و بەرپرسانی باڵوێزخانەی عێراق پێشوازی كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم دیدار و چاوپێكەوتنانە (مەسرور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و (فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و (عەلی سندی) وەزیری پلاندانان و (سەلاحەدین بابەكر) وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێم یاوەری (سەرۆك بارزانی) بوون.

 

هەواڵی پەیوەندیدار