سەرۆک بارزانی و مەکگوورک جەختیان لە فراوانترکردنی پێوەندی نیوان ئەمەریکا و هەرێم کردەوە

هەولێر-KDP.info-(سەرۆک بارزانی) پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا کرد و لە دیدارەکەدا جەخت لە بەردەوامیی و فراوانتركردنی پێوەندی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان كرایەوە.
ڕۆژی سێشەممە 9ـی 6ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (برێت مەكگوورك) جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی دیپلۆماسی و سەربازی ئەمەریكا یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا باس لە ئەنجامەكانی سەردانی (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری بۆ ئەمەریكا كرا و جەخت لە بەردەوامیی و فراوانتركردنی پەیوەندی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان كرایەوە.
هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستان لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەكانی دیكەی عێراق و ڕێگاكانی شكستپێهێنانی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە و هەروەها چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە سووریا خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
هەر لەم دیدارەدا شاندی میوان جەختی لە بەردەوامیی یارمەتیدان و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردەوە و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكای بە نموونەیی و سەركەوتوو وەسف كرد.




