سەرۆک بارزانی: وڵاتی کوەیت پێگەیەکی گرینگی لای گەلی کوردستان هەیە

هەولێر-KDP.info-(سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی شاندێکی میدیاکارانی وڵاتی کوەیتدا ڕاگەیاند کە، وڵاتی کوەیت پێگەیەکی گرینگی لای گەلی کوردستان هەیە و جەختیشی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و کوەیت کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی6ـی2015 لە سەلاحەدین (مەسعود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی میدیاکارانی وڵاتی کوەیت کرد کە بەیاوەریی جێگری باڵیۆزی کوەیت لە عێراق و کونسوڵی گشتیی کوەیت لەهەولێر، تەشریفیان هێنابوو.
لە دیدارێکدا سەرەتا شاندی میوان سڵاو و ڕێزی شێخ (سەباح ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح) ئەمیری كوەیتیان بە (سەرۆك بارزانی) گەیاند و خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەو دیدارە دەربڕی و ڕایانگەیاند کە بۆ ئەوە هاتوون تا تەئکید لەسەر پەیوەندی دۆستانە و لەمێژینەی گەل و وڵاتەکەیان لەگەڵ کوردستان بکەنەوە و ڕێنوێنی و بەرچاوڕوونیی پێویست لەبارەی دۆخی ئێستا لە (سەرۆک بارزانی) وەربگرن.
هەروەها ئەندامانی شاندەکە کۆمەڵێک پرسیاریان لەبارەی ڕەوشی ناوچەکە بەگشتی و پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و کوەیت و شەڕی تیرۆر خستەڕوو.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، جەختی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و کوەیت کردەوە و بە شاندی میوانی ڕاگەیاند کە وڵاتی کوەیت پێگەیەکی گرینگی لای گەلی کوردستان هەیە.
دواتر (سەرۆک بارزانی) بە وردی هۆکارەکانی گەشەکردنی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش و شەڕی تیرۆر و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و جەختیشی کردەوە کە تیرۆریستان هیچ داهاتوویەکیان نییە و کوردستانیش بە ئارامی و سەقامگیری دەمێنێتەوە و داهاتوویەکی گەشی دەبێت.
دواتر (سەرۆک بارزانی) وەڵامی پرسیارەکانی شاندی میدیاکارانی کوەیتی دایەوە و هیوای خواست ئەو ماوەیەی لە کوردستانن وێنەی ئارامی و پێکەوەژیان و پێشکەوتنی کوردستان تۆمار بکەن و بۆ ڕای گشتیی عەرەبی بگوازنەوە.




