٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو ئەحمەدی قازی دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-(سەرۆک بارزانی) لە پەیامێکدا بەبۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا (ئەحمەدی قازی) رایگەیاند کە، "پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم خزم و كەسوكار و خەڵکی نیشتیمانپەروەری شاری مەهاباد و سەرجەم ڕۆشنبیرانی کوردستان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمتان دەزانم".

دەقی بروسکەی سەرەخۆشی (سەرۆک بارزانی) بۆ بنەماڵەی قازی لە مەهاباد

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بنەماڵەی بەڕێزی قازی لە مەهاباد

بەداخەوە هەواڵی كۆچی دوایی ڕۆشنبیر و نووسەر و کەسایەتیی نیشتیمانپەروەری کوردستان، مامۆستا ئەحمەدی قازی - مان پێ گەییشت.

مامۆستا ئەحمەدی قازی ساڵانێکی زۆر خزمەتی زمان و وێژەی کوردی کرد و شان بەشانی مامۆستایان هەژار و هێمن، گۆڤاری سروەیان وەک دیارییەکی بەنرخ پێشکەش بە ئەدەبی کوردی کرد. بەرهەمەکانی مامۆستا ئەحمەد، لە نووسین و وەرگێڕان، لە ڕیزی شاکارە ئەدەبییەکاندان و لە دەستدانی ئەو ڕۆشنبیرە کەلێنێکی زۆر بەجێ دەهێڵێت و خەسارەتێکی گەورەیە.

لەم بۆنە خەمناکەدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم خزم و كەسوكار و خەڵکی نیشتیمانپەروەری شاری مەهاباد و سەرجەم ڕۆشنبیرانی کوردستان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمتان دەزانم.

لە خودای گەورە داواكارم مامۆستای کۆچکردوو بباتە بەر دلۆڤانیی خۆی و دڵنەوایی و ئارامییش بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا لله و انا الیه راجعون

مەسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

٧ـی ٦ـی ٢٠١٥

هەواڵی پەیوەندیدار