٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی: گەلی كوردستان نابێتە بەشێك لەو ململانێ تاییفیەی لە ناوچەكەدا لە ئارادایە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بۆ كردنەوەی كۆنسووڵخانەی كوێت لە هەرێمی كوردستان نیشان دا و، پێشوازییشی لە فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرد. هەروەها تیشكی خستە سەر هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و ئەوەی دووپات كردەوە كە، گەلی كوردستان نابێتە بەشێك لەو ململانێ تاییفیەی لە ناوچەكەدا لە ئارادایە.

(مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ شەممە لە سەڵاحەددین پێشوازیی لە (عومەر ئەحمەد ئەلكەندەری) كۆنسووڵی كوێت لە شاری هەولێر كرد.

لە دیدارێكدا كۆنسووڵی كوێت لە شاری هەولێر سڵاوی (شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئه‌لجابر ئەلسەباح) ئەمیری كوێتی بە (سەرۆك بارزانی) گەیاند. هەروەها ڕێز و پێزانینی خۆی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بۆ گەییشتن بە ئازادی نیشان دا و دەستخۆشییشی لە (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد بۆ ئەو ڕۆڵە كاریگەرەی لە دژایەتیكردنی تیرۆردا گێڕاویانە.

هەروەها وێڕای جەختكردنەوەی لە دۆستایەتیی و پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی كوردستان و گەلی كوێت، كردنەوەی كۆنسووڵخانەی وڵاتەكەی لە شاری هەولێر بە قۆناخێكی تازەی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە قەڵەم دا. ئەوەیشی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە ئەوەی لە دەستی بێت بۆ یارمەتیدانی گەلی كوردستان، بیكات.

لە بەرانبەر دا (سەرۆك بارزانی) خۆشحاڵیی خۆی بۆ كردنەوەی كۆنسووڵخانەی كوێت نیشان دا و پێشوازییشی لە فراوانتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرد. هەروەها ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو گەلی كوردستان و گەلی كوێت و ئەوەی خستە ڕوو كە، گەلی كوردستان لەو نەهامەتییە دەگات كە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بەسەر گەلی كوێتدا سەپێندرا بوو.

(سەرۆك بارزانی) باسی لە هەڕەشەكانی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان كرد و ئەوەی دووپات كردەوە كە، گەلی كوردستان نابێتە بەشێك لەو ململانێ تاییفیەی لە ناوچەكەدا لە ئارادایە.

هەواڵی پەیوەندیدار