٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی بەشداریی لە یادی ڕۆژی لەدایكبوونی شاژنی بەریتانیا كرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-(سەرۆك بارزانی) لە میانی بەشداری لەیادی رۆژی لەدایکبوونی شاژنی بەریتانیادا لە نزیكەوە هەواڵی ئەو ئەفسەرە بەریتانیایانەی پرسی كە لە مەراسیمەكەدا ئامادەبوون كە ئەركی مەشق و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگەیان لەسەر شانە و وێڕای دەستخۆشی و سوپاسكردنیان هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی 6ـی 2015  (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری مەراسیمی یادی لەدایكبوونی ئەلیزابێتی دووەم شاژنی بەریتانیای لەشاری هەولێر كرد كە لە لایەن كونسوڵخانەی بەریتانیا لە شاری هەولێر ساز كرا بوو.

لەو مەراسیمەدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداری و سیاسیی هەرێم و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەولێر ئامادەی بوون دوای خولەكێك وەستان بۆ گیانی شەهیدان و خوێندنەوەی سروودی بریتانیا و عێراق و كوردستان، ئەنگوس مكی كونسوڵی بەریتانیا لە هەولێر لە وتارێكدا بەخێرهاتنی سەرۆك بارزانی و میوانەكانی كرد و ڕۆشنایی خستەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا و جەختی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی جێگەی بایەخێكی زۆرە. لە درێژەی قسەكانیشیدا باسی لە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەردوولا لەبواری ئابووری و مرۆیی و هەروەها هەماهەنگیی نێوان سوپای بەریتانیا و هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستان بەرز نرخاند. پاشان وتاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەن كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ پێشكەش كرا و تێیدا جەخت لە بایەخی دۆستایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی بریتانیا  و فراوانتربوونی ئەو پەیوەندییانە كرایەوە.

لە بەشێكی مەراسیمەكەدا سەرۆك بارزانی لە نزیكەوە هەواڵی ئەو ئەفسەرە بەریتانیانەی پرسی كە لە مەراسیمەكەدا ئامادەبوون كە ئەركی مەشق و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگەیان لەسەر شانە و وێڕای دەستخۆشی و سوپاسكردنیان هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.

هەواڵی پەیوەندیدار