سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شای ئوردن كۆ بوونەوە

ئوردەن-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) و شای ئوردن کۆبوونەوە و رۆشناییان خستە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە بە گشتی و عێراق و ڕووداوەكانی ئەم دواییەی پارێزگای ئەنبار بە تایبەتی، هەروەها بیروڕا لەبارەی چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش ئاڵوگۆڕ كرا.لە کۆبوونەوەکەدا جەختیش لەسەر فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرایەوە.
لەسەر بانگهێشتی فەرمیی جەلالەتی شا عەبدوڵڵا پاشای ئوردن (سەرۆك بارزانی) لەگەڵ شاندێكی یاوەری ڕۆژی پێنجشەممە 21ـی 5ـی 2015 گەییشتە عەممانی پایتەختی شانشینی ئوردن و لە فڕگەی نێودەوڵەتیی ئەو شارە لە لایەن (ئەمیر فەیسەڵ بن حوسێن) برای پاشای ئوردن و ژمارەیەك لە بەرپرسانی وڵاتی ئوردن پێشوازی كرا.
لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا جەلالەتی شا عەبدوڵڵای پاشای ئوردن لە كۆشكی پاشایەتی پێشوازی لە (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا تیشك خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە بە گشتی و عێراق و ڕووداوەكانی ئەم دواییەی پارێزگای ئەنبار بە تایبەتی و هەروەها بیروڕا لەبارەی چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش ئاڵوگۆڕ كرا.
لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئۆردۆن خرایە بەر باس و جەخت لەسەر فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرایەوە. جێگەی ئاماژەپێكردنە (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری بۆ نانی نیوەڕۆیش میوانی پادشای ئوردن بوو.
بڕیاریشە ڕۆژی هەینی 22ـی 5ـی 2015 (سەرۆك بارزانی) بەشداری كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە دەریای مردووی وڵاتی ئوردن بێت.




