٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فەرماندەی میحوەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كۆبۆیەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  دوێنێ دووشەممە، 18ـی 5ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان و (كۆسرەت ڕەسوول) سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی فەرماندەی میحوەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانیان كرد.
لەم كۆبوونەوەیەدا كە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ و تەندروستی و ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو، بە خولەكێك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و شەهیدانی شەڕی دژی تیرۆریستان دەستی پێكرد و ئامادەبووان هیوای چاكبوونەوەیان بۆ بریندارانی شەڕی داعش خواست و خۆڕاگری و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان لە بەرانبەر تیرۆریستان بەرز نرخاند.
لەم دیدارەدا (سەرۆك بارزانی) تیشكی خستە سەردانەكەی بۆ ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپایی و جەختی لەوە كردەوە كە سەرۆك و بەرپرسانی جیهان  بە ڕێز و پێزانینەوە دەڕواننە قارەمانێتیی پێشمەرگە و سەرەخۆشیشیان لە گەلی كوردستان كردووە بۆ ئەو پێشمەرگانەی گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوونە و دەستخۆشیشیان لە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا فەرماندە مەیدانییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، باسیان لە بارودۆخی بەرەكان و گوزەرانی پێشمەرگە و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد و تێبینی و پێشنیازەكانی خۆیان بۆ باشتركردنی بارودۆخی پێشمەرگە و بەرەكانی شەڕ خستە ڕوو.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا  جێگری سەرۆك و وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی ئەوەیان دا كە كار بۆ نەهێشتنی كەموكورتییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن و پشتگیریی تەواوی خۆیشیان بۆ هێزی پێشمەرگە و خێزانی شەهید و پێشمەرگەكان و هەروەها چارەسەركردنی بریندارانی شەڕی تیرۆریستان دووپات كردەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار