٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: لەڕووی سەربازییەوە تیرۆریستان تووشی شكست هاتوون و دەبێ لە بەرەی فكر و ئابووریشەوە تووشی شكست بێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-(سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی وەزیری بەرگری هۆڵەندا رایگەیاند کە، لەڕووی سەربازییەوە تیرۆریستان تووشی شكست هاتوون و دەبێ لە بەرەی فكر و ئابووریشەوە تووشی شكست بێن..راشیگەیاند، پێویستە خەڵك لەوە دڵنیا بكرێنەوە کە لە ئاییندەدا داعش و هاوشێوەی داعش دووبارە نەبنەوە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی 5ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو (هاینێز پلاسخارت) وەزیری بەرگریی هۆڵەندا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە خاتوو (جانێت سێپێن) باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و ئەفسەری وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا.

لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی هۆڵەندا ئاماژەی بە تیرۆریستانی داعشدا و هۆكاری یارمەتیدانی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە بۆ بوونی دوژمنێكی هاوبەش گەڕاندەوە كە داعشە و هەڕەشەیە لەسەر هەموو لایەك. هەروەها سەرسامیی خۆیشی بە هێز و ئیرادەی پێشمەرگە نیشاندا و ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و تیمەكانی سوپای هۆڵەندا لە مەشق و ڕاهێنان و هەماهەنگیی بۆ وەشاندنی گورزی ئاسمانی بە نموونەیی وەسف كرد. وەزیری بەرگریی هۆڵەندا جەختی لەوەیش كردەوە كە هاوكارییەكانی وڵاتەكەی و هێزی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی هەڵوێستی وڵاتی هۆڵەندای كرد بۆ پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان و هاوكاریكردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعشی بە ئەركێكی پیرۆزی گشت لایەك لە قەڵەم دا، چونكە تیرۆریستان دژی مێژوو و ئێستا و ئاییندە و هەموو بەهاكانی مرۆڤایەتین. جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە لە گشت ڕوویەكەوە شەڕی تیرۆریستان بكرێت و شەڕی فكری و ئابوورییان بكرێت و ڕێگە لە هاتوچوویان بگیرێت. (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە لەڕووی سەربازییەوە تیرۆریستان تووشی شكست هاتوون و دەبێ لە بەرەی فكر و ئابووریشەوە تووشی شكست بێن.

(سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە دا و هێمای بەوەدا كە گەلی كوردستان شانازی بەوە دەكات لە بەرانبەر تیرۆریستاندا خۆڕاگر بووە و بەرگری لە بەهاكان كردووە و سەدانهەزار ئاوارەیشی لە هەڕەشەی تیرۆریستان پاراستووە. سەبارەت بە قۆناغی داهاتوویش (سەرۆك بارزانی) جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە خەڵك لەوە دڵنیا بكرێنەوە كە لە ئاییندەدا داعش و هاوشێوەی داعش دووبارە نەبنەوە.

لەم دیدارەدا (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشمەرگە و (فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت و (ئەنوەری حاجی عوسمان) بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و (جەعفەر شێخ مستەفا) و فەریق (شێروان عەبدولڕەحمان) و فەریق (جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

 

هەواڵی پەیوەندیدار