سەرۆكوەزیرانی چیك: هەموو هاوكارییەك پێشكهش دەكەین تا گەلی كوردستان سەركەوێت

پڕاگ-KDP.info- له كۆبوونهوهیاندا لهگهڵ سهرۆك بارزانی، ههریهك له سهرۆككۆمار و سهرۆكوهزیرانی چیك، پشتیوانیی بهردهوامی وڵاتهكهیان بۆ ههرێمی كوردستان و هێزی پێشمهرگه دووپات كردهوه و، ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانیان كرد بۆ بۆ گەییشتن بە ئازادی و دیموكراسی.
لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی بۆ وڵاتی چیك ڕۆژی سێشەممە 12ـی 5ـی 2015 (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی كۆماریی چیك لە لایەن (میلۆس زێمان) سەرۆكی كۆماری چیك پێشوازیی لێ كرا و، پاش گەییشتنی (سەرۆك بارزانی) بۆ كۆشكی كۆماری، كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵیی نێوان هەردوو سەرۆك بەڕێوە چوو. دوای ئەم كۆبوونەوەیە (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری كۆبوونەوەیەكی دیكەیان لەگەڵ سەرۆككۆماری چیك ئەنجام دا. لەم كۆبوونەوەیەدا ئاییندەی عێراق و كوردستان و هەروەها شەڕی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و سەرۆكی كۆماری چیك ئەوەی دووپات كردەوە، كە وڵاتەكەی بە هەموو توانایەك پاڵپشتی هێزی پێشمەرگه و گەلی كوردستان دەبێت. هەروەها ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانی كرد بۆ بۆ گەییشتن بە ئازادی و دیموكراسی.
پاش كۆبوونهوهیشیان، (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری بۆ نانی نیوەڕۆ لە كۆشكی كۆماری و لەگەڵ سەرۆكی كۆماری چیك بوون.
هەر ڕۆژی سێشەممە 12ـی 5ـی 2015 شاندی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتبوون لە (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشمەرگە و (فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم، سەردانی وەزارەتی بەرگریی كۆماری چیكیان كرد و لەگەڵ جێگری وەزیری بەرگری و نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی چیك كۆ بوونەوە. لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی هەرێم سوپاسی پاڵپشتی و هاوكارییە سەربازییەكانی كۆماری چیكی كرد و هاوكاری و پەیوەندییەكانی هەردوولایش لە بواری سەربازی تاوتوو كرا كە چۆن بتوانرێ ئەو هەماهەنگی و پەیوەندییانە فراوانتر بكرێن و بڕیاریش درا شاندێكی تایبەتی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئاییندەیەكی نزیك سەردانی كۆماری چیك بكات.
سەرلەبەیانیی ئهمڕۆ چوارشەممە 13ـی 5ـی 2015 لە دواوێستگەی سەردانیان بۆ كۆماری چیك، (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری لە لایەن (بوهیسڵاڤ سۆبۆتكا) سەرۆكوەزیرانی كۆماری چیك پێشوازییان لێ كرا.
لە دیدارێكدا پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی چیك تاوتوو كرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە ئەم پەیوەندییانە فراوانتر بكرێن. سەرۆكوەزیرانی كۆماری چیك ئەوەیشی دووپات كردەوە كە وڵاتەكەی ئامادەیە بەردەوام بێ لە پشتگیرییكردنی پێشمەرگە و، هەروەها هەموو هاوكارییەكیش دەكەن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان سەر بكەوێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا بە وردی باس لە بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و هەروەها ئاییندەی كوردستان كرا و هەر دوو لایش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پەیوەندییەكانیان لە هەموو قۆناغ و دۆخێكدا پتەوتر بكرێن.
جێگەی ئاماژەپێكردنە شاندە یاوەرەكەی (سەرۆك بارزانی) پێكهاتبوون لە (مەسروور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشمەرگە و (د. فواد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و (دەرباز كۆسرەت ڕەسوول) وەزیری ئاوەدانكردنەوە و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم.




