هەنگاریا پشتگیری سەربەخۆیی کوردستان دەکات

هەنگاریا-KDP.info-سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا لە میانی پرێسکۆنفرانسی هاوبەشی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا رایگەیاند کە، وڵاتەکەی پشتگیری سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەکات..(سەرۆک بارزانی)ـیش لە پرێسکۆنفرانسەکەدا سوپاسی هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی هەنگاریای کرد بۆ پێشمەرگە و ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و جەختیشی لە هاوئاهەنگی زیاتری نێوانیان کردەوە.
سەرۆک (مەسعود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، دوای سەردانەکەی بۆ ئەمریکا،
رووی لە وڵاتانی ئەوروپا کرد و یەکەم وێستگەی سەردانەکەیشی بۆ ئەورووپا وڵاتی هەنگاریا بوو، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعود بارزانی) لەگەڵ (ڤیکتۆر ئۆربان) سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا کۆبووەوە و دواتریش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان سازکردو تێیدا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو، کە جەختیان لە پەیوەندییەکانی هەردوولا لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی کردووەتەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بەوەی رۆڵی هەنگاریا لە داهاتوودا چۆن دەبێت و چۆن لە ئایندەی کوردستان دەڕوانێت، گوتی "کورد هەموو کات یارمەتییە سەربازییەکانی ئێمەیان لەبیرە جیا لە یارمەتییەکانی دیکەمان، هەنگارییەکانیش بەگشتی خۆشەویستییان بۆ خەڵکی کوردستان هەیە".
سەبارەت بە داهاتووی هەرێمی کوردستان ، (ڤیکتۆر ئۆربان) گوتی: "هەنگاریا پشتگیریی هەموو ئەو گەلانە دەکات کە هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن و خەباتیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، لەسەر ئەو بنەمایەش پشتگیریی هەرێمی کوردستان دەکەین". گوتیشی "هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بنەماو خاڵی باشی هەن کە ببێتە ناوەندێکی سەربەخۆ و دەشتوانێت رۆڵێکی بەرچاو بگێڕی لە جیهاندا، چونکە ئێستا هەرچەندە سەربەخۆش نین کەچی نوێنەرایەتی جیهان دەکەن لە شەڕی تیرۆردا، ئەوە تێڕوانینی ئێمەیە بۆ داهاتووی کوردستان".
هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا سەرۆک (مەسعود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکانی هەنگاریای کرد بۆ پێشمەرگە و ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان و جەختیشی لە هاوئاهەنگی زیاتری نێوانیان کردەوە.
پەیامنێری یەکێک لە میدیا جیهانییەکان پرسیاری لە (سەرۆک بارزانی) کرد، کە ئایا دڵخۆشن بەو رێککەوتنەی لەگەڵ بەغدا کراوە و دەتوانن قەرزی کۆمپانیا بیانییەکان بدەنەوە؟. لە وەڵامدا (بارزانی) گوتی "ئێمە رێز لەو رێککەوتنە دەگرین و جێبەجێمان کردووە، بەڵام بەغدا هێشتا ئەو بەشە بودجەیەی نەناردووە کە لەسەری رێککەوتبووین، بۆیە دڵخۆشنین بەو جۆرەی کە بەغدا لێی تێگەیشتووە، دەمانەوێ وەک ئەوەی ئێمە لێی تێگەیشتووین جێبەجێبکرێ".
سەبارەت بە دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکانی بواری نەوتیش، (سەرۆک بارزانی) گوتی "دەبێ بەغدا پارە بنێرێ بۆئەوەی ئەو قەرزانە بدەینەوە، ئەگەر نەینێرێ، ئەوا ئێمە دەتوانین راستەوخۆ نەوتی خۆمان بفرۆشین و قەرزەکەی پێبدەینەوە و ئەو کێشەیەی پێ چارە بکەین".




