سهرۆك بارزانی: دڵنیاییی تەواومان لە بەرزترین ئاستی دەوڵەتی ئەمهریکا وەرگرتووە

واشنتن-KDP.info- (سهرۆك بارزانی) ڕایگهیاند، سەرکەوتنی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ (باراک ئۆباما) سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا زیاتر بوو لەوەی ئەوان چاوەڕوانییان دەکرد. گوتیشی، گوتیشی دڵنیاییی تەواومان لە بەرزترین ئاستی دەوڵەتی ئەمهریکا وەرگرتووە، کە لەمەودوا چەک درەنگ ناگاتە دەست پێشمەرگە. (سهرۆك بارزانی) دهیشڵێت، تێگەیشتنێکی تەواو هەیە لای ئەمهریکییەکان بۆ دۆزی کورد بە گشتی.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی کورتدا لەگەڵ رووداو لە واشنتن، باسی سەفەرەکەی بۆ ئەمهریکا دەکات و رایگەیاند کە سەرکەوتنی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ (باراک ئۆباما) سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا زیاتر بوو لەوەی ئەوان چاوەڕوانییان دەکرد. گوتیشی دڵنیایی تەواومان لەبەرزرین ئاستی دەوڵەتی ئەمهریکا وەرگرتووە، کە لەمەودوا چەک درەنگ ناگاتە دەست پێشمەرگە.
- هەر چەندە پێشتر کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ سەرۆک ئۆباما بە زۆر سەرکەوتوو وەسف کرد، دەمەوێ بزانم ئایا لە ئاست ئەو چاوەڕوانییەدابوو، کە پێش هاتنتان بۆ ئێرە هەتانبوو؟
(سهرۆك بارزانی): بە راشکاوی دەتوانم بڵێم رەنگە زیاتر بێت لەوەی کە ئێمە چاوەڕوانیمان دەکرد.
- لە بارەی پرسی چەک، ئایا ئەوە گرفت نییە کە چەک راستەوخۆ ناگات بە پێشمەرگە، هەروەها لە رووی بڕ و دواکەوتنییەوە، کە وا بزانم 48 کاژێر دوادەکەوێت تا دەگاتە کوردستان، ئەوە کێشە نییە؟.
(سهرۆك بارزانی): بێگومان ئەوە گرفتێکی گەورەبوو، بە دوورودرێژی باسمان لەو پرسە کردووە، ئێمە دڵنیایی تەواومان وەرگرتووە، کە لەمەودوا چەک دوا ناکەوێت بۆ ئەوەی بگاتە دەست پێشمەرگە.
- یانی ئەو چەکانەی پێویستانە وەک دژەتانک چیتر دوا ناکەوێت؟
(سهرۆك بارزانی): بەڵێ، ئێمە دڵنیایی تەواومان وەرگرتووە، لە بەرزترین ئاستی دەوڵەتی ئەمریکا.
- لەبارەی پرسی سەربەخۆییەوە، پێشتر باسکرا کە لە کۆشکی سپی باسی سەربەخۆیی دەکەن، دەمەوێت بزانم ئەگەر باستان کردووە، بە چ شێوازێک باسی ئەو پرسەتان کرد؟
(سهرۆك بارزانی): تەنیا ئەوەندە دەتوانم بڵێم، ئێمە تێبینی ئەوەمان کرد، تێگەیشتنێکی تەواو هەیە بۆ دۆزی گەلی کورد بەشێوەیەکی گشتی.
- یانی ئەگەر بێتو هەرێمی کوردستان سەربەخۆیی راگەیاند، ئەمهریکا پشتگیری سەربەخۆیی دەکات؟
(سهرۆك بارزانی): جارێ لەوە زیاتر ناتوانم بڵێم، کە تێگەیشتنێکی زۆر باش هەیە بۆ دۆزی گەلەکەمان. با بزانین پەرەسەندنەکانی دواتر چی دەبێت.
- دەمەوێ لەبارەی پرسی مانەوەت وەکو سەرۆکی هەرێم بپرسم، هەر چەندە لە دامەزراوەی ئەتلەنتیک گوتت لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمان بە هەر بڕیارێک رازی بوون ، ئێوەش رەزامەندن پێی.
(سهرۆك بارزانی): ئێستاش هەمان وەڵامم هەیە.
- بەڵام پرسیارەکەی من ئەوەیە، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان رازی بوون لەسەر مانەوەت، دەمێنیەوە؟
(سهرۆك بارزانی): با بزانین چ بڕیارێک دەدەن، کە بڕیاری ئەوان دەرچوو، ئەو کات منیش قسەی خۆم دەکەم.




