٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: ئۆباما بەڵێنی دا هەرچیەک لە توانایاندا بێ بۆ هاوکاریی پێشمەرگە دەیکەن

سەرچاوە: KDP.info

ئەمەریکا-KDP.info-  (سەرۆک بارزانی) لە دیمانەیەکی کەناڵی ئاسمانی CNNـی ئەمەریکاـدا رایگەیاند کە، (باراک ئۆباما) بەڵێنی دا هەرچییەک لە توانایاندا بێ بۆ هاوکاریی پێشمەرگە دەیکەن.. لە پرسیارێکی دیکەیشدا (ئامان پوور) پرسی، خەونی سەربەخۆیتان كەی دەبێت؟ ئەم ساڵ یان ساڵێكی دی؟ (سەرۆک بارزانی) لە وەڵامدا جەختی کرد کە، سەربەخۆیی مافێكی سرووشتی  نەتەوەی كوردە و ناتوانم بڵێم ئەم ساڵ یان ساڵێكی دیکە دەبێت، بەڵام بەو هیوایەم کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بێت.

وەڵامی (سەرۆک بارزانی) بۆ پرسیارەکانی CNN کە لەلایەن (ئامان پوور) دیمانەکە ئەنجام درا.

CNN: هەر یەک لە (ئۆباما) و (بایدن) و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکاییت بینی، داوا و پرسیاری چیت لێ کردن؟
(سەرۆک بارزانی): سوپاسم کردن کە هاوکاریی ئیمەیان کرد و داوایشم لێ کردن کە لە ئازاری گەلەکەمان تێبگەن؛ ئەوان بە باشی تێگەیشتن و بەڵێنیان دا هاوکاریی زیاترمان بکەن.

CNN: دەمەوێت ئەوە بزانم ئایا ئەوان بەڵێنی چەكی زیاتر و رەوانەکردنی چەکیان بەشێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بە کورد دا، چونکە پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی دژ بە داعشدا چەکی خراپی پێیە؟
(سەرۆک بارزانی): بەڕێز(ئۆباما) زانیاری زۆر باشی هەبوو بۆ پێشمەرگە و ستاییشی رۆڵی پێشمەرگەی كرد و بەڵێنیشی دا کە هەرچیەک لەتوانایان دابێ دەیکەن تا هاوکاری پێشمەرگە بکەن و چەک بە دەستی پێشمەرگە بگات.
CNN: بەڵام چەکەکان لەرێگەی بەغداوەیە هیچ گۆڕانگاڕیەک روویداوە؟
(سەرۆک بارزانی): ئێمە حەز دەكەین راستەوخۆ چەكمان پێ‌ بگات، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە پێشمەرگە چەك وەربگرێت.
CNN: پێمان بڵی، لەئێستادا ستراتیژیەتی نەمانی داعش چییە؟
(سەرۆک بارزانی): ستراتیژیەتی شەڕی دژ بە داعش ئەوەیە کە ئێمە دەبێ سەنگەرەکانمان لەڕووی چەک و دارایی و توانای سەربازییەوە فراوانتر بکەین.
CNN: بۆچوونت لەگەڵ ئەوەیە کە شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ بەزوویی بکرێت؟
(سەرۆک بارزانی): رزگاركردنی مووسڵ زۆر گرینگە، دەبێ خوێندنەوەیەکی باش و پلانێکی قوڵ بۆ رزگارکردنی مووسڵ هەبێ؛ دەبێت خەڵکی مووسڵیش هاوکار بن، بەڵام پێشمەرگە هاوکاریان دەبێت.
CNN: کەی ئەو جەنگە دەست پێدەکات؟
(سەرۆک بارزانی): لەم چەند مانگەی داهاتوودا.
CNN: بە گشتی پێت وایە هێزەكەی تۆ و سوپای عێراق و ئەمریكا دەتوانن داعش بنەبڕ بکەن؟
(سەرۆک بارزانی): من ئێستایش دەتوانم پێت بڵێم ئێمە لەم شەڕەدا سەرکەوتووین و 20 کم چوارگۆشە رووبەری خاکمان لە ژێر دەستی داعش رزگارکردووە.
CNN: باسی شەڕو سەركەوتنت كرد، خەونی سەربەخۆیتان كەی دەبێت؟ ئەم ساڵ یان ساڵێكی دی؟
(سەرۆک بارزانی): من تەنها ئەوە دەڵێم كە سەربەخۆیی پرۆسەیەكە و ئێمە دەستمان پێیی كردووە و بەردەوامیش دەبین لەگەڵی، ئەمە مافێكی سروشتی  نەتەوەیی كوردە و ناتوانم بڵێم ئەم ساڵ دەبێت یان ساڵێكی دی، بەڵام بەو هیوایەم کە لەداهاتوویەکی نزیكدا بێت.


و.خەسرەو حەمەڕەشید
 

 
 

هەواڵی پەیوەندیدار