سهرۆك بارزانی: كۆبوونەوەمان لهگهڵ سەرۆك ئۆباما و جۆ بایدن زۆر سەركەوتوو بوو

واشنتن-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێ، كۆبوونەوەی ئەمشەوی لەگەڵ (باراك ئۆباما) سەرۆكی ئەمهریكا و بەرپرسانی كۆشكی سپی سەركەوتوو بووە، دەشڵێت "هەست بە شانازی دەكەین لەسەردەستی پێشمەرگە هەیبەتی داعش شكێندرا و كوردستان بووەتە پەناگەی لێقەوماوان".
(سەرۆك بارزانی) لە كاتی پێشكەشكردنی وتارێكدا لە سەنتەری بازرگانیی ئەمهریكا، لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ (باراك ئۆباما) سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمهریكا رایگەیاند: "كۆبوونەكەمان زۆر سەركەوتوو بوو، سوپاسی گەلی كوردستانیشم بە (سەرۆك ئۆباما) و (جۆ بایدن) جێگری گەیاند بۆ ئەو هاوكارییە سەربازییانەی پێشكەشی هەرێمی كوردستانیان كردووە لە شەڕی داعشدا و، لەم تەنگانەیەدا پشتیوانییان لە گەلی کورد کرد".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی شەڕی داعشهوه هەروەها گوتی "راستە کوردستان رووبەڕووی تەحەدییەکی زۆر گەورە بووهتەوە کە شەڕی داعشە، بەڵام سوپاس بۆ خوا و پێشمەرگە تا ئێستا 20 هەزار کیلۆمەتر خاک لە ژێردەستی داعش دەرهێنراوە، هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەین کە هەیبەتی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە شکێنرا".
لەبارەی ئاوارەكانیش كە ژمارەیەكی زۆر ئاوارە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، (سهرۆك بارزانی) گوتی "كوردستان بووەتە پەناگەی لێقەوماوان، ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە لە هەرێمی کوردستان هەن لەکاتێکدا کوردستان رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی بووەتەوە، بەڵام ئەوە بە ئەرکێکی ئینسانی و نیشتمانیی خۆمان دەزانین و دەرگای کوردستان هەمیشە کراوە دەبێت بۆ لێقەوماوان لە هەر ئایین و مەزهەبێک بن".
(سهرۆك بارزانی) لە وتارەكەیدا كە لە ژووری بازرگانیی ئەمهریكا پێشكەشی كرد، سەبارەت بە کۆمپانیا ئەمهریکییەکانیش گوتی "دەرگای کوردستان هەمیشە کراوە دەبێت بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان بیانەوێت کار بکەن لە کوردستان و، سوپاسیان دەکەم کە لە کاتی تەنگانەدا کوردستانیان جێنەهێشت، ئەوان لە رووی مەعنەوییەوە پاڵپشتێکی باشی کوردستان بوون".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە کۆتایی وتارەکەیدا گوتیشی "نابێ رێگە بدەین پلانی تیرۆریستان سەربکەوێت و تیرۆریستان هیچ ئایندەیەکیان نییە، سەرکەوتن بۆ دیموکراسی دەبێت لە ناوچەکەدا".
ئەمشەو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لەگەڵ (باراك ئۆباما)، سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمهریكا، (جۆ بایدن) جێگری سەرۆكی ئەمهریكا و بەرپرسانی كۆشكی سپی كۆ بوونەوە. كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی ئەمهریكا و جێگرهكهی داخراو بوو و، جگە لە فۆتۆگرافەری سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و كۆشكی سپی، هیچ رۆژنامەوانێك بەشدار نەبوو.
ئەندامانی شاندی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (سهرۆك بارزانی)، له (مەسروور بارزانی) راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشمەرگە، (ئاشتی هەورامی) وەزیری سامانە سرووشتییەكان، (دەرباز كۆسرەت) وەزیری ئاوەدانكردنەوە، (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، (فوئاد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، (بەیان سامی عەبدولرەحمان) نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمهریكا پێكهاتبوو.





