٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا: جیهان سەرسامە بە كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-سەرۆكوەزیرانی كەنەدا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە، سوپاسی هاوسۆزیی (سەرۆك بارزانی) دەکات و ئەوەی باس كرد كە جیهان سەرسامە بە كوردستان، چونكە كوردستان بەهێز و ئیرادەیەكی پتەو بەرگریی لەخۆی كرد و پێشمەرگەیش پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پاراست و تیرۆریستانیش هەڕەشەیەكی جیهانیین بۆ سەر گشت لایەك و ئەو سێ هۆكارە پاڵیان بە وڵاتەكەی نا كە یارمەتیی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە بدات.

ئەمڕۆ شەممە 2ـی 5ـی 2015  (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسانی هەرێم پێشوازی لە (ستیڤن هاربەر) سەرۆكوەزیرانی كەنەدا و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە  (جیسۆن كینی) وەزیری بەرگری و (كریستیان پارادیس) وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی و (برونۆ ساكۆمانی) باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق و و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری حكوومەتی كەنەدا.
دوای گەییشتنی شاندی میوان بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر كۆبوونەوەیەك لە نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی كەنەدا و شاندی یاوەری ساز درا.
لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) بەناوی خۆی و گەلی كوردستان بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی كەنەدای كرد بۆ ئەو پاڵپشتی و هاوكارییەی كە پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كردووە. (سەرۆك بارزانی) هاوخەمیی خۆیشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند بەهۆی گیانلەدەستدانی سەربازێكی كەنەدایی لە هەرێمی كوردستان.
(سەرۆك بارزانی) لە گوتەیەكدا باسی لە هەڕەشەی تیرۆریستان و پەلاماریان بۆ سەر كوردستان و قارەمانێتیی و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوەدا كە تیرۆریستان هەڕەشەن بۆ سەر مرۆڤایەتی و ئازادی و ژیان و دژی مێژوو و شارستانیەت و ڕابردوو و ئاییندەی مرۆڤن، بۆیە ئەركی گشت لایەكە ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە ببێتەوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە جێگەی شانازییە پێشمەرگە توانی بەرگری لە كوردستان و مرۆڤایەتی بكات و ئەفسانەی داعش بشكێنێت.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكوەزیرانی كەنەدا سوپاسی هاوسۆزیی (سەرۆك بارزانی) كرد و ئەوەی باس كرد كە جیهان سەرسامە بە كوردستان چونكە كوردستان بەهێز و ئیرادەیەكی پتەو بەرگریی لەخۆی كرد و پێشمەرگەیش پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پاراست و تیرۆریستانیش هەڕەشەیەكی جیهانیین بۆ سەر گشت لایەك و ئەو سێ هۆكارە پاڵیان بە وڵاتەكەی نا كە یارمەتیی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە بدات.  سەرۆكوەزیرانی كەنەدا پێزانینیشی هەبوو بۆ ئەو ڕۆڵە قورسەی كە هەرێمی كوردستان لە حەواندنەوە و یارمەتیدانی سەدانهەزار ئاوارەدا گێڕاویەتی و ئەوەیشی دووپات كردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبیت لە هاوكاری مرۆیی و سەربازی بۆ كوردستان و ئاستی یارمەتی و هاوكارییە مرۆییەكانیش زیاتر دەكات.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا جەختیان لە فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان و بەرزكردنی هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكان كردەوە. لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنە چۆنییەتی یارمەتیدانی ئاوارەكان و پێداویستی و كێشە و گرفتەكانیان تاوتوێ كرا.
جێگەی ئاماژەكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و (مەسرور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشمەرگە و (كەریم سنجاری) وەزیری ناوخۆ و (عەلی سندی) وەزیری پلاندانان و (دەرباز كۆسرەت ڕەسول) وەزیری ئاوەدانكردن و نیشتەجێبوون و (فەلاح مستەفا) بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم ئامادە بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار