سوپاسالاری بهریتانیا پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە

ههولێر-KDP.info- (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لهگهڵ سوپاسالاری بهریتانیادا، دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەروەها دۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانیان تاوتوو كرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی 4ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (ڕیچارد باڕۆنز) سوپاسالاری بهریتانیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە (ئەنگۆس مكی) كۆنسووڵی بهریتانیا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سوپای بهریتانیا.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تاوتوو كرا، بیروڕایش سەبارەت بە پڕۆسەی ئازادكردنی مووسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسل و، ئامادەكارییەكانی هێزەكانی عێراقی بۆ ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی داعش ئاڵوگۆڕ كرا.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان ستاییشی ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لە شكستبردن به تیرۆریستان و، ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و پڕۆسەی مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە بە نموونەیی وەسف كرد.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا سوپاسالاری بهریتانیا پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە لە هەموو قۆناغ و دۆخێكدا دووپات كردەوە.




