٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

كۆنسووڵگەریی شانشینی ئوردن: پادشا و گەلی ئوردن پێزانینێكی زۆریان بۆ كوردستان و ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە هەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، لە دیداریدا لەگەڵ بەڕێوەبەری كاروباری كۆنسووڵگەریی شانشینی ئوردن ڕایگەیاند، تیرۆریستانی داعش شەڕیان بەسەر خەڵكی كوردستاندا سەپاند، بەڵام بە خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگە، ئێستا دەستپێشخەری و پێشڕەوی لە دەستی هێزەكانی پێشمەرگەدایە و تیرۆریستانیش تووشی شكستی گەورە هاتوون.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی 4ـی 2015 لە سەڵاحەدین پێشوازیی لە بەڕێوەبەری كاروباری كۆنسووڵگەریی شانشینی ئوردن لە هەولێر (موهەننەد شەداد) كرد.
لە دیدارەكەدا كە بە مەبەستی گەیاندنی نامەی جەلالەتی پاشای ئوردن بە (سەرۆك بارزانی) ساز درابوو، بەڕێوەبەری كاروباری كونسووڵگەریی شانشینی ئوردن لە هەولێر سڵاوی جەلالەتی (شاعەبدوڵڵا)ـی پاشای ئوردنی بە (سەرۆك بارزانی) گەیاند و ئاماژەی بەوە دا كە پادشا و گەلی ئوردن پێزانینێكی زۆریان بۆ كوردستان و ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە هەیە لە دژی تیرۆریستان و، هاوخەمی و سەرەخۆشیی پاشای ئوردنی بە (سەرۆك بارزانی) و كەسوكار و خانەوادەی پێشمەرگە شەهیدەكان ڕاگەیاند و ئەوەیشی خستە ڕوو كە، هەڵوێستی (سەرۆك بارزانی) لە بەرانبەر تیرۆر و ئامادەبوونی لە بەرەكانی شەڕ، بۆ گەلی ئوردن و ناوچەكە مانایەكی زۆری هەیە و هیوایشی خواست كۆتایی بە ئازار و مەینەتییەكانی گەلی كوردستان بێت و ڕایشیگەیاند كە گەلی ئوردن بۆ دژایەتیكردنی تیرۆر لە تەك گەلی كوردستاندا وەستاوە.


لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی ڕۆڵ و هاوسۆزیی پادشا و گەلی ئوردنی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و ئوردن، جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی هەردوو لا كردەوە و هەروەها باسی لە هەڕەشە و كردەوە قێزەوەنەكانی تیرۆریستان كرد و شەهیدكردنی فڕۆكەوانە ئوردنییەكەی بە نموونە هێنایەوە كە هەموو گەلی كوردستانیش بەم ڕووداوە خەمبار بوون.


(سەرۆك بارزانی) باسی تاوان و پەلامارەكانی تیرۆریستانی كرد بۆ سەر كوردستان و ئاماژەی بەوە دا كە، تیرۆریستان شەڕیان بەسەر خەڵكی كوردستاندا سەپاند، بەڵام بە خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگە، ئێستا دەستپێشخەری و پێشڕەوی لە دەستی هێزەكانی پێشمەرگەدایە و تیرۆریستانیش تووشی شكستی گەورە هاتوون.   

 
 

هەواڵی پەیوەندیدار