٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سه‌رۆك بارزانی بۆ كوردانی شه‌به‌ك: بە سەربڵندی دەگەڕێنەوە زێدی خۆتان.. كوردانی شه‌به‌ك: چارەنووس و پاشه‌ڕۆژمان بە هەرێمی كوردستانەوە بەندە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  سه‌رۆك بارزانی له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ كەسایەتی و پیاوماقووڵانی كوردی شەبەكی دەشتی نەینەوا رایگه‌یاند، هێرشی داعش و كارەساتەكان پێشانی دا كەو پێویستە ئێمە هەردەم ئامادە بین تا ڕێگە نەدەین جارێكی دی هێرش بكرێتە سەر پێكهاتەكان لە دەشتی نەینەوا و كارەسات و ئاوارەیی دووبارە ببنەوە. دڵنیاییشی دایە كوردانی شەبەك، كە لە ئایندەدا ئەوان بە سەربڵندی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و، پارێزگاریشیان لێ دەكرێ. شه‌به‌كیش لای خۆیانه‌وه‌ جه‌ختیان لە كوردستانیبوونی ناوچەكانیان كردەوە و ڕایانگەیاند، كە مەسەلەی كوردستانیبوونی زێدی ڕەسەنی خۆیان هەرگیز جێی گفتوگۆ نییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە22ـی 4ـی 2015 (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی ژیانی كوردانی شەبەك و كێشە و پێداویستیی ئاوارەكان وو ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی ئاییندەی ناوچەكانیان و شەڕی دژی داعش و لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتی و پیاوماقووڵانی كوردی شەبەكی دەشتی نەینەوا كۆ بووەوە.


لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) لە گوتەیەكدا هاوسۆزیی خۆی بۆ كێشە و گرفتەكانی كوردانی شەبەك لە دوای پەلاماردانی تیرۆریستان نیشان دا و ڕایگەیاند، كە ئاگاداری كێشە و ناخۆشیی كوردانی شەبەك و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی ناوچە كوردستانییەكانە، كە دوای پەلاماری زاڵمانەی داعش دصوچاری كارەساتی گەورە بوون.


لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سوپاسی خەڵكی كوردستان و خۆڕاگریی پێشمەرگەی كرد، كە لە ماوەیەكی كەمدا توانیغان دڕندەترین دوژمن بوەستێنن و ئەو ئەفسانەیەی بۆ داعش دروست كرابوو بیشكێننت، ئەوەیشی خستەڕوو كەوا هێرشی داعش و كارەساتەكان پێشانی دا كەو پێویستە ئێمە هەردەم ئامادە بین تا ڕێگە نەدەین جارێكی دی هێرش بكرێتە سەر پێكهاتەكان لە دەشتی نەینەوا و كارەسات و ئاوارەیی دووبارە ببنەوە. دڵنیاییشی دایە كوردانی شەبەك، كە لە ئایندەدا ئەوان بە سەربڵندی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و، پارێزگاریشیان لێ دەكرێ.


(سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بە كولتووری دەوڵەمەندی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند، سەرباری ئەوەی لێرەولەوێ هەندێك هەوڵ هەبوونە بۆ دروستكردنی ناكۆكیی تاییفی لە نێو پێكهاتەكان، نەیانتوانیوە سەركەوتوو بن و زیان بە فەرهەنگی لێبووردەیی و پێكەوەژیانی كوردستانیان بگەیەنن. سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە، كە ئەوەی بیەوێت شەڕی داعش بكات، ئێمە پێشوازیی لێ دەكەین و هاوكارییشی دەكەین، بەڵام دەبێ لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بێت، قەبووڵی ناكەین هیچ هێزێك لە هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا دروست بكرێت و، هێمایشی بەوەدا كە ئەوەی لە دەست بێت بۆ كوردانی شەبەك ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی گەنجانی شەبەك ڕۆڵیان لە پاراستنی وڵاتدا هەبێت و پێویستە ئەو بوارە بە گەنجای شەبەك بدرێت.

سەبارەت بە چارەنووسی ناوچەكان ئەوەی ڕوون كردەوە كە چارەنووسی ئەم ناوچانە تەنیا لە دەستی خەڵكی ناوچەكەیە و هەر ئەوان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن.
دواتر دەرگای پرسیار و گفتوگۆ بە ڕووی ئامادەبوواندا كرایەوە و، سوپاسی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدانیان كرد، تەئكیدیشیان لە كوردستانیبوونی ناوچەكانیان كردەوە و ڕایانگەیاند، كە مەسەلەی كوردستانیبوونی زێدی ڕەسەنی خۆیان هەرگیز جێی گفتوگۆ نییە، تەئكیدیان كردەوە كە چارەنووس و ئایندەی كوردانی شەبەك و پێكهاتەكانی دیكەی ناوچە كوردستانییەكانیان بە چارەنووسی هەرێمی كوردستانەوە بەندە. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا كەسایەتی و پیاوماقووڵانی كوردی شەبەك كۆمەڵێك داواكارییان خستەڕوو و (سەرۆك بارزانی)یان لە كێشە و گرفتەكانیان ئاگادار كردەوە.

 
 

هەواڵی پەیوەندیدار