هێزە کوردستانییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ئەمەریکا راگەیاند.. جەخت لە شەش خاڵ کرایەوە

هەولێر-KDP.info- کۆبوونەوەی هێزە کوردستانییەکان بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) کۆتایی هات و لە راگەیاندراوێکیشدا هێزە کوردستانییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا دەربڕی و، شەش خاڵی گرینگیش جەختی لێ کرایەوە.
بە سەرپەرشتیی (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی (كۆسرەت ڕەسووڵ عەلی) جێگری سەرۆكی ههرێم ڕۆژی دووشەممە 20ـی 4ـی 2015 لە سەلاحەدین بە مەبەستی ڕاگۆڕینەوە و بە دواداچوون و شێكردنەوەی پرسە هەنوكەییەكانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی هێزە كوردستانییەكان بەڕێوە چوو.
كۆبوونەوەكە بە مەبەستی تاوتووكردن و ئاڵۆگۆڕكردنی بیروڕا بوو لەبارەی شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و، هەروەها بارودۆخی سیاسیی كوردستان و عێراق و سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆك بۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و، هەروەها ئامانج و ناوەڕۆكی نامەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ پارلەمان و حكوومەت و لایەنە سیاسییەكان و، خستنەڕووی بۆچوونی لایەنەكان لەبارەی دەستوور و پرسی سەرۆكایەتیی.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی هەرێم ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەی لە دواڕەوشی بەرەكانی شەڕ و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكان و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و دۆخی ناوچە ئازادكراوەكان ئاگادار كردەوە. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی ئەو نامەیەی كرد كە ئاراستەی پارلەمان و حكوومەت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی كردبوو و ئەوەی خستەڕوو كە، ئەم نامەیە ئاراستەی هەموو لایەك و هەموو تاكێكی كورد كراوە و داوایشی كرد كە هەموو لایەنەكان كار بۆ ئەوە بكەن كە لە ڕاگەیاندنەكاندا بانگەشە بۆ گرژی و پەرتەوازەیی نەكرێت.
(سهرۆك) هەروەها بۆچوونی خۆی لە بارەی پرسی دەستوور و سەرۆكایەتی بۆ لایەنە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە شی كردەوە و، ئاماژەی دا كە، بەر لە دووساڵ لە نامەیەكدا داوای لە سەرۆكایەتیی پارلەمان و لایەنەكان كردبوو كە بە زووترین كات لەسەر مەسەلەی دەستوور و ئالیەتی هەڵبژاردنی سەرۆك بگەنە ئەنجامێك و، ئێستایش با پارلەمان و لایەنەكان بگەنە چارەسەر و دەستوور بگەینرێتە قۆناغی ڕاپرسی.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایشیگهیاند كه دەستوور بۆ گەل و وڵاتە و، پێویستە بە گیانێكی نیشتیمانی و دوور لە موزایەدات چارەسەر بكرێت و، پەیوەست بە مەسەلەی سەرۆكایەتییش ئەوەی باس كرد كە، بابەتەكە لای لایەنە سیاسییەكانە و با پێكەوە بگەنە ڕێككەوتن و بڕیار لەسەر مەسەلەی سەرۆكایەتی بدەن.
دواتریش داوای لە ئامادەبووان كرد كە سەرنج و پێشنیازهكانی خۆیان لەبارەی شەڕی داعش و ئازادكردنی مووسڵ و ئەجێندای سەردانەكەی سەرۆكی هەرێم و، پرسە هەنووكەییەكانی هەرێم و مەسەلەی دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێم بخەنە ڕوو.
دوای گفتوگۆیەكی تیروتەسەل لایەنە بەشداربووەكانی كۆبوونەوەكە بەم ئەنجامانەی خوارەوە گەییشتن:
یەكەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە قوربانیدان و گیانفیداییی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی بۆ پاراستنی خاك و ژیانی هاووڵاتیان و، پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكان بەرز نرخاند و، جەختیان لە پاڵپشتیكردنی بەردەوامی هێزی پێشمەرگە و یەكخستن و بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانی پێشمەرگە و، هەروەها باشتركردنی باری گوزەرانی پێشمەرگە قارەمانەكان كردەوە. هەروەها بەشداربووانی كۆبوونەوەكە هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمیان لە سەرپەرشتیكردن و ئامادەبوونی لە بەرەكانی شەڕ و، پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگە بەرز نرخاند و، سوپاسی هێزی هاوپەیمانان و دۆستانی گەلی كوردستانیان كرد كە هاوكاریی سەربازییان پێشكەشی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كردووە.
دووەم: كۆبوونەوەكە وێڕای لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی هەستیار و چارەنووسساز كە كوردستان و عێراق و ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت، جەختی لە پاراستنی یەكڕیزیی هێزە لایەنە سیاسییەكان كردەوە وەك زامنێك بۆ مسۆگەركردنی سەركەوتنەكانی گەلی كوردستان و پاراستنی دەستكەوتەكان و، هەروەها لایەنە سیاسییەكانی بەشداربووی كۆبوونەوەكە تەئكیدیشیان لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان كردەوە و، پاڵپشتیی خۆیشیان بۆ هەموو ئەو هەنگاوانە نیشان دا، كە بە ئاراستەی مسۆگەركردنی مافەكانی گەلی كوردستان و پاراستنی دەستكەوتەكان و پێشڤەچوونی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان دەنرێت. لە تەك ئەوەیشدا بە پێویستیان زانی هەوڵەكانی لایەنە سیاسییەكان و دامودەزگای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چاكسازی و نەهێشتنی كەموكوڕییەكان چڕتر بكرێتەوە.
سێیەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە جەختیان لە بەردەوامیی گفتوگۆ و باشتركردنی پەیوەندییەكان و جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و هەروەها فراوانكردنی پەیوەندیی دۆستانە و هاوسەنگ لەگەڵ دراوسێكان كردەوە و، ئەوەیان دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان هۆكاری سەقامگیری و بووژانەوەی ناوچەكە و ئاشتی و چارەكردنی كێشە و گرفتەكان دەبێت.
چوارەم: بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ سەرۆكی هەرێم و شاندە یاوەرەكەی بۆ ئەمەریكا ڕاگەیاند و، پێشنیاز و بۆچوونەكانی خۆیان لەبارەی ئەجێندای ئەم سەردانە خستەڕوو.
پێنجەم: كۆبوونەوەكە وێڕای جەختكردنەوە لە پاراستنی سیادە و یەكپارچەیی خاكی هەرێمی كوردستان و، كاركردن بۆ سەرخستنی پڕۆسەی یەكخستنی هێزە چەكدارەكانی هەرێم لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەیشی دووپات كردەوە كە پێویستە لایەنە سیاسییەكان كار بۆ هێوركردنەوەی ڕاگەیاندنەكان و دوورخستنەوەی ئەم نەفەسە بكەن كە دژی ئاسوودەیی هاووڵاتیان و یەكڕیزی نیشتیمانییە. كۆبوونەوەكە ڕەفزی هەموو هەوڵ و بانگەشەیەكیشی كرد بۆ سەپاندنی بۆچوونێك كە لە دەرەوەی یاسا و سەروەری و تایبەتمەندییەكانی هەرێمی كوردستانە.
شەشەم: سەبارەت بە مەسەلەی دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێم، لایەنەكان جەختیان لەوە كردەوە كه دەستوور و سەرۆكایەتیی هەرێم پرسێكی نیشتیمانییە و دەبێ هەموو لایەنەكان بە نەفەسێكی نیشتیمانی و دوور لە گرژی و موزایەداتی سیاسی و ئیعلامی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و، دەرفەت بەو لیژنەیە بدرێت كە لە لایەن پارلەمانەوە بۆ تاوتووكردنی دەستوور هەڵبژێردراوە و هەروەها پرسی سەرۆكایەتییش لە چوارچێوەی یاسا و كۆدەنگیی لایەنە سیاسییەكان چارەسەر بكرێت.
پارتیی دیموكراتی كوردستان
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان
بزووتنەوەی گۆڕان
یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
كۆمەڵی ئیسلامی
حزبی سوسیالیستی كوردستان
بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان
حزبی شیوعی كوردستان
حزبی زەحمەتكێشان
نوێنەری كوتلە توركمانییەكانی پارلەمانی كوردستان
نوێنەری كوتلە مەسیحییەكانی كوردستان




