گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم: لێدوانەكانی كالكان نابەرپرسانەن و مایەی قبووڵكردن نین

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، (دوران كالكان) یەكێك لە سەركردەكانی PKK بە زمانێكی پڕ لە ڕق و قین بەرانبەر دەستكەوتەكان و ئیرادەی خەڵكی هەرێمی كوردستان كە بە هەزاران ڕۆڵەی كوردستان لە پێناویدا شەهید بوون و ئێستایش بە خوێن و گیانی خۆیان بەرگری لێ دەكەن، لێدوانی نابەرپرسانەی داوە و مافی بە خۆی داوە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمە بكات كە خەڵكی هەرێمی كوردستان لە پرۆسەیەكی ئازادی دیموكراسیدا دەنگی بۆ داوە.
دەربارەی لێدوانەكانی ئەم دواییەی (دوران كالكان) لە سەركردایەتیی PKK، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (سەفین دزەیی) لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: "(دوران كالكان) یەكێك لە سەركردەكانی PKK بە زمانێكی پڕ لە ڕق و قین بەرانبەر دەستكەوتەكان و ئیرادەی خەڵكی هەرێمی كوردستان كە بە هەزاران ڕۆڵەی كوردستان لە پێناویدا شەهید بوون و ئێستایش بە خوێن و گیانی خۆیان بەرگری لێ دەكەن، لێدوانی نابەرپرسانەی داوە و مافی بە خۆی داوە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستەمە بكات كە خەڵكی هەرێمی كوردستان لە پرۆسەیەكی ئازادی دیموكراسیدا دەنگی بۆ داوە. سیستەمێك كە نموونەی پێكەوەژیانە و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێمی كوردستان خۆیانی تێیدا دەدۆزنەوە و بووەتە مایەی ڕێز و پێزانینی تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی".
(دزەیی) دەشڵێت: "هەرێمی كوردستان كە سیستەمی سیاسی و كارگێڕیی خۆی لەسەر بنەمای هەڵبژاردن و دەنگدان و ئیرادەی ئازادی خەڵكی هەرێمی كوردستان بنیات ناوە و لە چوارچێوەی دەستوور و یاساكانی عێراقدا لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ددانی پێدا نراوە، پێویستی بە ئامۆژگاریی خەڵكانێك نییە كە مێژوو و ئەزموونەكان سەلماندوویانە ئەوان لە هەر كوێ هەبن، لەوێ ئازادی و دیموكراسی و فرەیی و قبووڵكردنی خەڵكی دیكە و هەموو ئەو بەها و چەمكانەی جیهانی ئازاد و مۆدێرنیان لەسەر دامەزراوە نین، بەڵكە تەنیا خۆسەپاندن و لادان و قبووڵنەكردنی خەڵكی دیكە و تاكڕۆیی و دەمكوتكردن و سەركوتكردنی ئەوانە هەیە كە لەگەڵ ئەواندا نین، ئەمەیش وەك ڕۆژی ڕووناك بۆ هەموو لایەك ئاشكرایە و هیچ پێویست بە هێنانەوەی نموونە ناكات".
سیستەمی هەرێمی كوردستان كە لە تەواوی هێز و پێكهاتە سیاسی و نەتەوەیی و ئایینییەكان پێك هاتووە، كار بۆ یەكێتی و یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان دەكات، نەك بۆ لێكترازاندن و جیاكردنەوەی ناوچەكان و شێوەزارەكان و پارچەپارچەكردنی زیاتری كوردستان، تەواوی دەسەڵاتی كارگێڕییشی بە پارێزگاكان و یەكە كارگێڕییەكان داوە و لە سایەی ئەو سیستەمەیە كە ئێستا هەرێمی كوردستان یەكێك لە شوێنە پێشكەوتووەكانی ناوچەكەیە و بووەتە مایەی سەرنجی جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆیە ئەو جۆرە لێدوانانە بە هیچ شێوەیەك مایەی قبووڵكردن نین و تەنیا نەفامی و ڕق و قینی خاوەنەكانیان دەردەبڕێت و هیچی تر نا".




