ناوی پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەكانی ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێن

هەڵەبجە-KDP.info- پارێزگاری داهاتووی هەڵەبجە دەڵێت، لەم هەفتەیەدا ناوی پارێزگار و جێگرەكانی ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكرێن، هاوكات لەبەر نەبوونی بینای پێویست بۆ ڕاپەڕاندنی كاروبارەكانی پارێزگا، ڕەزامەندییان وەرگرتووە بە شێوەیەكی كاتی لە باڵاخانەی بەساڵداچووانی هەڵەبجەدا دەوام بكەن.
كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بۆوەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە (عەبدوڵڵا نەوڕۆڵی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كودستانی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا ناوی پارێزگار و دوو جێگرەكەی ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆ كراون و بڕیارە لەم هەفتەیەدا ناوەكان لەلایەن وەزارتی ناوخۆوە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێن، لەوێیشەوە ڕادەستی سەرۆكایەتیی هەرێم بكرێن بۆ ئەوەی مەرسومی سەرۆكایەتییان بۆ دەربچێت تا دەستبەكار بن".
گوتیشی كە، لە هەوڵی ئەوەدان بینایەك بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی پارێزگا ئامادە بكەن، بۆ ئەو مەبەستەیش لایەنە پەیوەندیدارەكان بینایەكی تایبەت بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و بینایەكی تایبەت بە وەزارەتی خوێندنی باڵایان پێشنیاز كردبوو، بەڵام دواجار بڕیار درا بینای تایبەت بە خانەی بەساڵداچووانی هەڵەبجە بكرێتە بینای تایبەت بە پارێزگای هەڵەبجە كە لەلایەن خێرخوازێكی هەڵەبجەوە دروست كراوە، وەلێ تا ئێستا هیچ بەساڵداچوویەكی وەرنەگرتووە.
كاندیدەكەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەیشی دا، دەوامكردن لەو باڵاخانەیەیش تا ئەو كاتە دەبێت لە داهاتوودا بتوانرێت بینایەكی شاییستە و گونجاو بۆ پارێزگای هەڵەبجە دروست بكرێت.
زیاتر لە ساڵێكە بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمەوە واژۆ كراوە، بەڵام تا ئێستا پارێزگار دەستبەكار نەبووە.
ئاسۆ عەلی




