هاوپەیمانان پاڵاوگەیەکی داعشیان لە سووریا کوتا

سووریا-KDP.info- بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی چالاکوانانی ڕوانگەی سووریایی کە لە (دەنگی ئەمەریکا)ـدا بڵاو کراوەتەوە، دوێنێ یەکشەممە هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی، ئاسمانەهێرشێکیان کردووەتە سەر پاڵاوگەیەکی داعش لە باکووری سووریادا و، (٣٠) کەسیان کوشتووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی چالاکوانانی ڕوانگەی سووریایی کە لە (دەنگی ئەمەریکا)ـدا بڵاو کراوەتەوە، دوای ئەوەی داعش شوێنەوارە مێژوویی و کولتورییەکانی عێراقی وێران کرد، هاوپەیمانان هێرشەکانیان بۆ سەر پێگە گرنگەکانی داعش چڕتر کردووەتەوە، دوێنێ یەکشەممەش هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی، ئاسمانەهێرشێکیان کردووەتە سەر پاڵاوگەیەکی داعش لە باکووری سووریادا و، (٣٠) کەسیان کوشتووە.
هەر لەو بارەیەوە (بان کیمۆن) سکرتێری نەتەوە یەکگرتوەکان خەمی شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراقی هەیە و، داوای هاوکارییەکی بەپەلەی کردووە بۆ پاراستنی شوێنەوارە کولتوری و مێژووییەکانی عێراق.
خەمخۆرگەی مافی مرۆڤی سووریا کە بارەگاکەیان لە (لەندەن)ـدایە، لەسەر ئەو هێرشەی هاوپەیمانان بۆ سەر پاڵاوگەکە، گوتیان ڕاستە کۆمەڵە داعشێک ئەو پاڵاوگەیەیان بەڕێوە دەبرد بەڵام لەو هێرشەدا چەند کرێکارێکی پاڵاوگەکەیش کوژراون.
جێی باسە بەپێی داتای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، لە ئابی ساڵی پارەوە تاوەکو ئێستا فڕۆکەکانی هاوپەیمانان نزیکەی (٢،٣٠٠) جار پێگەکانی چەکدارانی داعشیان لە عێراق و سووریادا کوتاوە.
و/ خالید ئەحمەد




