ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ڕەت کرایەوە.. زۆربەی ئەو عەرەبانەی لە زوممار ڕایانکردووە دەسکیسی داعش بوونە

هەولێر -KDP.info- لیژنەی 'بەدواداچون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان'ـەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی دەربارەی تێبینییەکانی ڕاپۆرتهکهی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بڵاو کردەوە، کە گوایە پێشمەرگە ناهێڵێت عەرەبەکان بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی ئازادی کردوونە؛ سەرۆکی لیژنەکە وەهای وەڵام داونەتەوە: "زۆربەی ئەو عەرەبانەی کە سنووری زومماریان جێ هێشتووە، دەستیان لەگەڵ داعشدا تێکەڵ کردووە و، بە ڕەشکوژییەوە تێوە گلاون و، شەڕی پێشمەرگە دەکەن."
د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی بەدواداچون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "ئەو ناوچانە هێشتا شەڕیان لێیە و، دانیشتووانەکەیشی خۆیان لەبەر شەڕ نایانەوێ و نایشوێرن بگەڕێنەوە؛ ڕاستە ئەو ناوچانە ئێستا بە دەست پێشمەرگەوەیە بەڵام داعش چەند جارێک داگیری کردووە. دەربارەی گەڕاندنەوەی عارەبان لە بازگەکانی بن دەستی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیشەوە، هیچ وا نییە؛ دیارە سەدا حەفتای ئەو دووملیون ئاوارەیەی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، عەرەبن؛ ئێستا ڕیژەی ٪١٩ـی دانیشتووانی هەولێر عەربن و، ئەوانەیشیان وا کار و پیشەیان لە هەرێمی کوردستاندایە، زۆر بە ئاسانی هاتوچۆی هەرێم دەکەن."
سەبارەت بەوەی کە حکوومەتی ناوەند و، گوایە حکوومەتی هەرێمیش بە گوێرەی پێویست خەڵکی گوندە گەمارۆدراوەکانیان باروبوو نەکردووە، سەرۆکی لیژنەی 'بەدواداچون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان'ـەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەهای ڕوون کردەوە: "حکوومەتی هەرێم سەرەڕای قەیرانە داراییەکەی خۆی، چەندی پێ کرابێ، لە ئاوارەکانی درێخ نەکردووە؛ حکوومەتی هەرێم بە فەرمی حکوومەتی فیدراڵ و لایەنە نێودەوڵەتییەکانیشی ئاگادار کردووەتەوە بۆ بەهانەوەچوونی ئاوارەکان و، باروبووکردنیان."
دەربارەی ئەوەی گوایە کوردەکان دەستیان بەسەر ماڵی عەرەبەکانی زومماردا گرتووە، دیندار زێباری وەهای ڕوون کردنەوە: "خەڵکی ناوچە ڕزگارکراوەکانی سنووری زوممار، بە کورد و عەرەبەوە، هیچ کامێکیان نەگەڕاونەتەوە، چونکە هێشتا ناوچەکە شەڕی لێیە و، لەبەر مین و تەقەمەنی، هاتوچۆ ئەستەمە؛ زۆربەری ئەو عەرەبانەیشی ناوچەکەیان جێ هێشتووە، لە ڕیزی داعشاندانە و، بە تیرۆر و تۆقاندنەوە گلاون و، شەڕی پێشمەرگە دەکەن.
د. زێباری ئەوەیشی ڕوون کردەوە کەس نەهاتووەتە دادگاکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر دەستگیرکردنی ئەو ٧٠ پیاوە عەرەبە سوننەی سنووری شارۆچکەی مەخموور، شکاتی لایەنە ئەمنییەکان بکات؛ هەر کەسێکیش سکاڵای هەیە بۆ خۆی دەتوانێت، سکاڵاکەی بداتە دادگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان؛ ئەوەیشی پەیوەندیی بە داعشەوە هەبووبێت و، بە بەڵگەوە دەستگیر کرابێت، بە پێی یاسای دژەتیرۆر دادگایی دەکرێت."
ڕێکخراوە نێودەوڵەتانەکەی (چاودێریی مافی مرۆڤ) باس خاپوورکردنی ماڵە عەرەبەکانی زوممار و مەخمووری کردووە، کەچی وەکچۆن کوردستانیش ڕوونی کردووەتەوە، "زیاتر لەوەی ماڵە عەرەب کاول بووبێت، داعش ماڵە کوردەکانی بۆمبڕێز کردووە و، تەقاندوونیەتەوە."
سەبارەت بەوەی گوایە پیشمەرگە ناوچەکانی (قەرەقوش ــ تەلئوسقوف)ـیان تاڵان کردووە، هیچ وا نییە و، با هەموو لایەکیش بیزانن کە قەرەقوش هیشتا بە دەست داعشانەوەیە؛ 'تەلئوسقوف'ـیش لەوەتی ئازاد کراوە، حزبی (بەیتنەهرەین) و حزبی (کۆمەڵەی نیشتمانی)، کە هەردووکیان مەسیحینە، بارەگایان لەوێ داناوە. شایهنی باسه ماوەی شهش مانگه داعش مڵك و ماڵی خەڵکی شارۆچكهكانی قهرهقوش و كەرمەلێس و بهرتله و باشیک و بەعزانی و، کوێوکوێ تاڵان دەکات و، بە فەتوایەک سەروەت و سامانی خەڵکی حەڵاڵ کردووە. بەڵام بەپێی ڕینوێنییە فەرمییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەر پێشمەرگەیەک دیل بچەوسێنێتەوە یان تەنانەت سووکایەتی بە تەرمی کوژراوان بکات، سزا دەدرێت."
ڕاپۆرتەکە لە جێیەکیشدا باسی ئەوەی کردووە گوایە ئاسایش، عەرەبە دەستگیرکراوەکانی ئەشکەنجە داوە! دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی 'بەدواداچون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان' وەهای وەڵام داونەتەوە: "لە ئاسایشدا کەس ئەشکەنجە نادرێت و، سەرجەم ئەوانەی دەستگیر کراون دەدرێنە دادگا و، دادگا چارەنووسیان دیاری دەکات؛ دیارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرگای بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتانەکەی (چاودێریی مافی مرۆڤ) و، ڕێکخراوەکانی دیکەیش واڵا کردووە، هەتا بێن بە چاوی خۆیان بارودۆخی زیندانیان ببینن؛ خۆ چەندین جاریش سەردانی ئەو بنکانەی وەزارەتی ناخۆی هەرێمی کوردستانیان کردووە کە تۆمەتبارانی لێ ڕادەگیرێ."
سهبارهت به ئامارى ئهو گیراوانه كه داوا كراوه و، ئهو ڕێكاره یاسایی و ئیداریانەی حكوومهتى ههرێم دەرهەق به گیراوهكان دەیگرێتە بەر، سەرۆکی لیژنەکە لە ڕونکردنەوەکەیدا دەڵێ: "به گوێرەی ئهو زانیاریانهى له دهزگاى دژهتیرۆرەکەی ههولێرەوە پێمان گهیشتووە، له مانگی 6ـى 2014هوه، ٣٢٢ كهس به تۆمهتى پهیوهندی به داعشهوه دهستگیر كراون، لهو ٣٢٢ تۆمەتبارە، ٨٣ کەسیان ئازاد كراون و، ٢٣٩ـیان ماونهتهوه و، وا خەریکن لێیان دەکۆڵنەوە؛ بەو حاڵەیشەوە کەسوکاریان دەتوانن بێن بیانبینن و، بۆ خۆیان پارێزەریشیان بۆ بگرن؛ ئەوە نەبێ کەسوکاری هەندێک لەو گیراوانە، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشدانە، ناتوانن بێنە سەردانیان."
دەربارەی ئەو دیمەنانەیش گوایە هێزە کوردەکان ئەشکەنجەی زیندانیان دەدەن، لێ دکۆڵینەوە و، بەسەر هەر کەسێکدا ساغ ببێتەوە، بە گوێرەی یاسا سزای دەدەین؛ ئەگەرچی مەگەر چۆناوچۆن بێ، ئەگینا ئەوە کاری کورد نییە و، هەمووی دەستکرد و پڕوپاگەندەی داعشە تیرۆریستەکان خۆیانە بۆ زڕاندنی ناوی کورد.
بۆ باربووکردنی ئاوارەکان و، دابینکردنی حەوجەیان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان شێلگیرانە هەوڵی داوە و، دەیشیدا؛ ئەوەتا (دهزگاى خێرخوازیی بارزانی) هەر لە سەرەتاوە چووەتە هانای ئاوارەکانەوە و، هەر ئا ئەم تازەییە، ٣٢ باری (بارهەڵگر) پیتاکی ناردووە بۆ چیاى شهنگال و، پڕی ٢٤ باری، کۆمەکی ناردووە بۆ شارۆچكهى وانكێ و، پڕی ١١ باری کۆمەکیشی ناردووە بۆ عەرەبەکانی ناوچەی ڕهبیعه."
لە ئاخری ڕوونکردنەوەکەدا، ئاماژە بە نووسراوێکی پارێزگای دهۆکیش کراوە؛ "بە گوێرەی ئهو زانیارییانهى له ژوورى عهمهلیاتی هاوكارییه مرۆییهكانەوە گەیشتووەتە لیژنهكهمان، ئەو لایهنه ئهمنیانەی نهتهوه یهكگرتووهكان کە له هەرێمی کوردستاندانە، بۆ خۆیان نەیانهێشتووە ڕێکخراوه مرۆییە نێودەوڵەتییەکان کۆمەک و هاریکاری بنێرینە زۆربهى ئهو ناوچانهى ئازادکراوانەی پارێزگاى مووسڵ."




