پێشمەرگە لە شنگال ١٥ تیرۆریستی داعشیان کوشت

شنگال -KDP.info- فەرماندەی لیوای ھەشتی ھێزی پێشمەرگە و بەرپرسی بەرەجەنگی شنگال ئاشکرای کرد، کە دوێشەو گورزێکی کوشندەیان لە داعش وەشاندووە و، ١٥ چەکداریشیان لێ کوشتوونە.
عەمید (ھاشم سیتەیی) فەرماندەی لیوای ھەشتی ھێزی پێشمەرگە و بەرپرسی بەرەجەنگی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێشەو تیرۆریستانی داعش لە چەند قۆڵێکەوە ھێرشیان هێنایە سەر ھێزی پێشمەرگە، بەڵام توند لێیان هاتنەوە دەست و، تێکیان شکاندن و، زیانی زۆریشیان پێیان گەیاند و، ڕاویان نانەوە."
فەرماندەی لیوای ھەشتی ھێزی پێشمەرگە گوتیشی، لەو شەڕەدا زیاتر لە ١٥ تیرۆریست کوژراون، بەڵام خۆشبەختانە ھێزی پێشمەرگە ھیچ زیانێکی نەبووە.
بەرپرسی بەرەجەنگی شنگال ڕوونیشی کردەوە، شەڕڤانان ماوەی سێ ڕۆژە بە ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگە لە دیوی ڕۆژئاوای کوردستاندا پێشڕەوی دەکەن بەرەو تلحەمیس کە هەر ٢٥ کم لە قامشلۆوە دوورە؛ ئەوەندەی نەماوە ڕێگای قامشلۆ ــ بارێ بگرن.
بڵند ئیبراھیم




