زێباری: ههولێر و بهغدا پابەندن بە رێککەوتنەکەوە.. ئەوەی هەرێم داوای دەکات ڕاستە

بهغدا-KDP.info- وەزیری داراییی عێراق رایگهیاند، دۆخی ئابوورییی وڵاتەکەی خراپە و پارەی پێویست لەبەردەست نییە، بەڵام وەک ئەو دەڵێ، هێشتا لە ڕووی ئابوورییەوە عێراق نەڕووخاوە. گوتیشی، هەولێر و بەغدا پابەندن بە رێککەوتنەکەوە، ئەو لێدوانانەیشی باس لە هەڵوەشاندنەوەی دەکەن، ناڕاستن.
(هۆشیار زێباری) لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە سازی دا دهیشڵێت، لە ئێستادا یەدەگی بانکی ناوەندی 68 ملیار دۆلارە، ئەڵبەت لە رابردوودا زیاتر بوو. خەختیشی کردەوە کە رێگری دەکەن لە دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکایی.
(هۆشیار زێباری) کە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا لە شاری بەغدا ساز درا، باسی لە کێشە داراییەکانی عێراق و رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و پێوهست بە رێککەوتنەکەی هەولێر و بەغدا، گوتی: "هەردوولا پابەندن بە رێککەوتنەکەوە، ئەو لێدوانانەی باس لە هەڵوەشاندنەوەی دەکەن، ناڕاستن."
(زێباری) ڕوونی کردەوە کە "کێشەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا ئەوەبووە کە، نابێت رۆژانە ئەو بڕەنەوتە هەژمار بکرێت کە لەسەر هەناردەکردنی رێککەوتوون، ئەویش هەناردەکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و 300 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک. ڕوونە کە هەولێر دەڵێ هەر سێمانگ جارێک ئەو رێژەیە هەژمار بکرێ نەک رۆژانە."
(زێباری) گوتیشی: "ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای دەکات ڕاستە، چونکە هیچ حکوومەتێک ناتوانێت پابەندی ئەو رێژەیە بێت لە رۆژێکدا کە لەسەری رێکدەکەون، بەغدا خۆیشی پابەندی ئەو رێژەیە نابێت کە لە پرۆژەبوودجەدا بۆ هەناردەکردنی رۆژانەی نەوتی عێراق دیاری کراوە".
پێوهست بە قەیرانی داراییی عێراق، وەزیری دارایی گوتی: "قەیرانی کەمیی پارە هەیە لە عێراق، بۆ چارەکردنیشی خەرجییەکان کەم کراونەتەوە و، باجیش زیاد دەکرێ، چونکە دۆخی ئابووریمان خراپە و پارەی پێویست لە بەردەست نییە، بەڵام هێشتا لە ڕووی ئابوورییەوە عێراق نەڕووخاوە".
(هۆشیار زێباری) هۆکاری ئەو قەیرانەی عێراقیش تێیکەوتووە، بۆ شەڕی تیرۆر و کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ سوپای عێراق و هەروەها دابەزینی نرخی نەوت ەگڕاندەوە.
وەزیری دارایی عێراق ئاشکرایشی کرد، کە لە ئێستادا یەدەگی بانکی ناوەندی 68 ملیار دۆلارە، هەڵبەت لە رابردوودا زیاتر بوو. خەختیشی کردەوە کە ئەوان رێگریی دەکەن لە دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکایی.




