ئه‌مڕۆ په‌رله‌مان ده‌چێته چیای شنگال و ئەو پێداویستیانەش ده‌به‌ن كه ئه‌وان پێویستیانه

هەولێر -KDP.info- ئه‌مڕۆ شاندێكی په‌رله‌مان سه‌ردانی ئاواره‌كانی چیای شنگال ده‌كات و سه‌رجه‌م ئه‌و پێداویستیانه له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن كه ئه‌وان پێویستیانه.
(هیڤا حاجی میرخان) بڕیارده‌ری لێژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی كوردستان بە ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "په‌رله‌مانی كوردستان له سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان لێژنه‌یه‌كی پێك هێناوه بۆ سه‌ردانكردنی ئاواره‌كان و به‌ره‌كانی جه‌نگ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك په‌رله‌مان به‌دواداچوون بۆ كه‌موكورتییه‌كان بكه‌ین؛ یه‌كه‌م سه‌ردانی شانده‌كه‌ش بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ئاواره‌كان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانن گوزه‌رانیان چۆنه، چ له ڕووی ئه‌منییەوە چ گوزه‌رانی ڕۆژانه‌یان. سه‌ردانی دووه‌م بۆ میحوه‌ره‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ بۆ لای هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانە كه له یه‌كه‌م سه‌ردانی ڕۆژی 25/2/2015 بۆ لای هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بوو."
(میرخان) گوتیشی: "ئه‌مڕۆ شاندی په‌رله‌مان سه‌ردانی ئاواره‌كانی سه‌ر چیای شنگال ده‌كات، ئامانج له سه‌ردانه‌كه به‌دواداچوونه بۆ گوزه‌ران و پێداویستیان، له هه‌مان كاتدا گه‌یاندنی ئه‌و پێداویستیانه‌یه كه ڕێكخراوه نه‌رویجییه‌كان پێشكه‌شیان كردووه، ئه‌مه‌ش به هاوكاری ده‌زگای خێرخوازی بارزانی كه به‌رده‌وام بووه له هاوكاریكردنی ئاواره‌كانی سنووری كوردستان و كۆبانێیش."
بڕیارده‌ری لێژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی كوردستان باسی لەوەش كرد، جگه له هاوكاری و پێداویستی خۆراك و سووته‌مه‌نی بۆ ئاواره‌كان په‌یامی ئاواره‌كانیش وه‌رده‌گیرێت، به تایبه‌تی به‌ده‌مه‌وه‌نه‌چوونی لایه‌نه‌كانی حكوومه‌تی عێراق و گله‌یی ئاواره‌كان له‌و سیاسه‌ته.




