٦٥٠٠ خێزانە ئاوارەی دەوروبەری هەولێر باروبوو کران

هەولێر-KDP.info-دەزگای خێرخوازیی بارزانی خۆراک و جلوبەرگ و پێداویستیی زستانەی بەسەر ئەو 6500 خێزانە ئاوارەیەدا دابەش کرد کە لە ئاوارەخان(کەمپ)ـی ئاکرێ و قوشتەپە و گەویلان و ئاوارەخانی ئاوارەکانی خوارووی عێراق لە دەوروبەری شاری هەولێردا دەژین.
ئەمڕۆ 25/2/2015 لە درێژەی کاروچالاکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ پەناخوازان لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی بەردەوام خۆراک و پێداویستیی زستانە و جلوبەرگ و دەیان جۆر پێداویستیی دیکەیان بەسەردا دابەش دەکات؛ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی سوورەمانگی ئیمارات بە هەرەوەزی 1200 کارتۆن خۆراک و پێداویستی منداڵانەیان بەسەر 1200 خێزانە ئاوارەی نیشتەجێی لە ئاوارەخانی گەویلاندا دابەش کرد.
لە ئاوارەخانی ئاکرێیشدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی سوورەمانگی ئیمارات، پێکەوە جلوبەرگی زستانەیان بەسەر (5300) خێزانە ئاوارەدا دابەش کرد. لە کەمپەکەی گەویلانیشدا، ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی سوورەمانگی ئیمارات، پێکەوە شیر و سریلاک و سابوون و خۆراکیان بەسەر (1200) خێزانە ئاوارەدا دابەش کرد.
لە کەمپەکەی قوشتەپەیشدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی 'وشکەشیر'یان بۆ ٥٥٦ بەرمەمکانە دابین کرد؛ هەر بەرمەمکانەیەک و (3) قوتوو وشکەشیری پێ بڕا.
هەر لەدرێژەی کارو چالاکیەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دابەشکردنی خۆراک و پێداویستی بەسەر پەناخوازانی خوارووی عێراق، کە ئێستاکە لە دەوروبەری شاری هەولێردا نیشتەجێن، بۆ ماوەی سێ مانگە دەزگا بەهاوکاری لەگەڵ رێکخراوی ئیغاسەی ئیسلامیدا، (500) جێ خۆراک بەسەر (500) خێزانە ئاوارەی خەڵکی خوارووی عێراقدا دابەش کرد کە لە شاری ئایندە و ئاشتیی 1 و 2 و هیران سیتیی 1 و 2 و کەسنەزان و دارەتوو و بنسڵاوەدا دەژین.




