فراکسیۆنی زەرد: پشتی حکوومەت دەگرین بۆ ڕەواندنەوەی قەیرانی دارایی

هەولێر -KDP.info- تا چەند رۆژی دی، پشووی پەرلەمانی کوردستان تەواو دەبێ و، پەرلەمانتاران دەچنەوە سەر کارەکەیان؛ گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، بەر لە هەموو کارێک دەیانەوێ چەند بڕیارێک دەربکەن بۆ ئەوەی ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێم بکەن لەو قەیرانە داراییە دەرچێت.
گوتەبێژی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان (محەمەد عەلی یاسین) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کورستانی ڕاگەیاند: "ئەوان وەکو فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان خۆیانیان گورجەوە کردووە بۆ ئەوەی لە دەسپێکی کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا چەند بڕیارێک دەربکەن هەتا بۆ ھاوکاریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێت لەو قەیرانەی داراییە دەربازی بێت و چارسەربکرێت.
(محەمەد عەلی یاسین) گوتیشی، جگە لەوەش چەند پڕۆژەیاسایەک لە پێش هەموو کارێکیانەوەیە، لەوانە دەستووری ھەرێمی کوردستان و، سندووقی داھاتی نەوتوغاز و، ئەندامی چاودێری پەرلەمانی کوردستان بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم و، ھەڵبژاردنی شارۆچکەوان (قایمقام) و شارەدێوان (بەڕێوەبەری ناحیەکان) و، کەمکردنەوەی مووچەی پلەتایبەتەکان بە ڕێژەی ٢٠%ـی و، چەند پڕۆژەیاسایەکی دیکە.
بڕیارە لە سەرەتای مانگی سێ پشووی پەرلەمانی کوردستان تەواو ببێت و، پەرلەمانتاران دەست بکەنەوە بە کۆبوونەوە بۆ دەرکردنی یاسای نوێ.
بڵند ئیبراھیم




