چاوەوڕان دەكرێت قەرزی لاوان بكرێتە 30ملیۆن دینار.. حەوتهەزار کەس لێی سوودمەندبوونە

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری سندوقی 'پڕۆژۆکە'كانی لاوان لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێم رایگەیاند کە، ٤٠٠ قەرزیان بە لاوان داوە و؛ چاوەڕوان دەکرێت قەرزی لاوان بکرێتە ٣٠ ملیۆن دینار.
بەڕێوەبەری سندووقی 'پڕۆژۆکە'كانی لاوان لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان (ئارام ئەنوەر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، لە كاتێكدا قەیرانی داراییەی هەیە، بەڵام لە سندووقی قەرزی بچووك 400 قەرزمان بە لاوان داوە و بەردەوامیشین لە قەرزداندا.
پرۆژەی قەرزی لاوان لە تەمووزی 2011ـەوە دەستی پێكردووە؛ تاوەكو ساڵی 2014 زیاتر لە 7 هەزار كەس لێی سوومەند بوونە.
(ئارام ئەنوەر) گوتیشی: خەریكی داڕشتنەوەی چەند ڕێنماییەكی تازەین بۆ قەرزدان، لەوانە زیادكردنی قەرزەكە لە 15ملیۆن دینارەوە بکرێتە 30ملیۆن دینار، بە تایبەت بۆ سێكتەرەكانی پیشەسازیی و، كشتوكاڵ و سەیرانەوانی (گەشتوگوزار).
بەڕێوەبەری سندووقی 'پڕۆژۆكە'كانی لاوان ڕوونیشی كردەوە دەیانەوێت پڕۆژەكە تەنها بۆ لاوان نەبێت و، هەموو چینوتوێژێک بگرێتەوە.
بەپێی ڕێنماییەكان ئەو كەسەی داوای قەرز دەكات، دەبێت تەمەنی لە 15 ساڵ کەمتر نەبێ و، 35 ساڵ زیاتریشی نەبێت، توانای بەڕێوەبردنی پڕۆژەی هەبێت، فەرمانبەری حكوومەت نەبێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كار هێمای بەوەیش كرد قەرزەكە لە ملیۆنە دینارێكەوە هەیە تاوەكو 15 ملیۆن و، بە 6 ساڵ وەریدەگرینەوە، 5 ساڵیش لە باج دەبەخشرێت.
یەحیا سابیر




