٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی یاسا لە پەرلەمان: حەشدی‌شەعبی هێزی ملیشیایە و دژی دەستووری عێراقە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی لیژنەی یاسا لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیاسایەكی پێشكەش بە پەرلەمان كردووە بە ناوی 'پاراستنی سەروەری و یەكێتیی گەل و، خاكی هەرێمی كوردستان'، گوتیشی کە حەشدی‌شەعبی هێزێكی مەزەبییە و دژی دەستووری عێراقە.

(ڤاڵا فەرید ئیبراهیم) سەرۆكی لیژنەی یاسا لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دامەزرانی حەشدی‌شەعبی نادەستوورییە و بە پێی‌ دەستووری عێراق خۆیشی دژی ماددەی (9)ـی بڕگەی دووەمە، كە دەڵێ‌ نابێت هیچ هێزێكی ملیشیا لە ناو هێزی عێراقدا هەبێت و، ئەو هێزەش لەسەر بنەمای مەزەبیەت دامەزراوە، هەر هێزێكیش لە سەر ئەو بنەمایە دابمەزرێت، هێزێكی نیشتمانی نییە و، دژی ماددەی (7)ـیشە لە دەستووری عێراق کە دەڵێ هیچ هێزێك نابێت ڕق و كینە بخاتە بەینی پێكهاتەكانی عێراق؛ بێگومان هێزێكیش لە سەر بنەمای مەزەب بێ، ڕق و کینیشی لێ دەبێتەوە.

(ڤاڵا فەرید) گوتیشی: ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە دەست هێزی پێشمەرگەوەیە و، خوێنیان بۆی ڕشتووە و، شەهیدمان بۆی داوە؛ ئێستا کە ئازاد کراوە چ پێویست بە هێزی تر دەکات!
سەرۆكی لیژنەی یاسا لە پەرلەمانی كوردستان دەیشڵێت، هێزی حەشدی‌شەعبی جگە لە ئامانجێكی خراپ هیچی تری بەدوا نییە ئێمە لە فراكسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی كوردستان پڕۆژەیاسایەكمان پێشكەش كردووە بە ناوی پاراستنی سەروەری و یەكێتیی گەل و، خاكی هەرێمی كوردستان؛ ئێمە بە زووترین كات كاری لەسەر دەكەین بۆ ئەوەی بڕیارێكی وا لە پەرلەمان دەربچێت، ئەو هێزانە قەدەغە بكات لەو شوێنانەدا.

ئەو ئاماژەی بە بڕیارێكی پەرلەمانی كوردستان كرد كە: "بڕیاری ژمارە 19ـی پەرلەمان تایبەت بە هێزی پێشمەرگە دەری‌كردووە لە یەكێك لە خاڵەكان هاتووە، پێشمەرگە ئەو شوێنانەی كە بە خوێن ئازادی كردوونە لە دەستی تیرۆریستان، بە هیچ شێوەیەك چۆڵیان ناکات بۆ هێزی دیكە."

نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار