٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دۆسیەی منداڵە بێسەروشوێنەکانی کیمیابارانەکەی هەڵەبجە بەم‌ئاسان یەكلایی ناكرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە-KDP.info-  بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە ڕایگەیاند کە، یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە كارێكی ئاسان نییە؛ هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەكانیش لە هەوڵدان، بەڵام بەم‌زوو پێیان یەكلایی ناکرێتەوە.


(سەعدوون محەمەد ساڵح)، بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەگەڵ وەزیری كاروباری شەهیدان‌وئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمدا كۆ بونەتەوە بەشکەم پێكەوە بەرنامەیەكی هاوبەش دابنێین بۆ ئەوەی دەربارەی دۆسیەی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە، زانیاری بدەن بە لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەو ئامانجەی بتوانن ئەو دۆسیەیە یەكلایی بكەنەوە."


گوتیشی هەرچەندە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كاروباری سلێمانی و، چەند لایەنێكی دیكە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ دەستكەوتنی زانیاری لەسەر منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە، بەڵام یەكلایكردنەوەی دۆسیەكە كارێكی هەروا ئاسان نییە و، زۆر دەخایێنێت.


بەڕێوەبەری كاروباری شەهیدان‌وئەنفالكراوانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەیش كرد بە گوێرەی ئەو ئامارانەی كە لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیاندا تۆمار كراوە، نزیكەی (49) كەس ناویان تۆمار كردووە كە لە كیمیابارانەکەی هەڵەبجەدا منداڵیان لێ ون بووە و، هێشتایش نازانن چییان لێ هاتووە.

لەو چەند مانگەدا دەنگۆی دۆزرانەوەی دوو منداڵی بێسەروشوێنی هەڵەبجەیی داکەوتووە؛ گوایە یەکێکیان ناوی (بەرزان جەعفەری)ـیە و لە شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا دەژیێت و، ئەوی دیكەیان (مریەم)ـی ناوە؛  ئەگەرچی دەنگۆیەکە بە ڕاست نەگەڕا. منداڵێکی (زمناكۆ)ناو لە کیمابارانەکەی هەڵەبجەدا بێسەروشوێن دەبێت، بەڵام پاش ٢٣ ساڵ پەیدای بوویەوە و، بە پشكنینی کنێت (DNA) ناسرایەوە و، گەڕایەوە ئامێزی کەسوکاری؛ زمناکۆ ئەو ٢٣ ساڵە لە ئێراندا ژیابوو.

ئاسۆ عەلی
 

هەواڵی پەیوەندیدار