٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تاقمە 'خەڵکڕفێن'ـێک لە مێرگەسۆر دەستگیر کران

سەرچاوە: KDP.info

مێرگەسۆر-KDP.info-  چەند کەسێک لە شارۆچکەی مێرگەسۆر کابرایەکیان ڕفاند و، ویستبوویان بیشیکوژن؛ ئەوە بوو ئاسایش شوێپێنیانی هەڵگرت و، هەرهەموویانی  دەستگیر کرد؛ وەک ئاسایش دەڵێ، هیچ کامێکیان خەڵکی مێرگەسۆر نینە و، لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە هاتوونەتە ئەوێ."


دەربارەی پێکهاتەی ئەو تاقمە 'خەڵکڕفێن'ـە، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی مێرگەسۆرەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتیی کوردستانی گوت: "خۆی سەرەتا شەشمان لێ گرتن و، پاش لێکۆڵینەوە، بنزاریانمان چەشت، هەتا ناوی دوو کەسەکەی تریشیان درکاند؛ ئەوە بوو بە هاوکاریی پۆلیسی مێرگەسۆر ئەوانیشمان دەستگیر کردن؛ ئەو هەشت کەسە ئافرەتیشیان تێدایە. ئێستا وا لە دادگای مێرگەسۆردانە و، لێیان دەکۆڵنەوە."

ئاساییش ڕوونی کردەوە کە شەش کەس لەو تاقمە سەعات ٢ـی نیوەشەوی 23 ئەم مانگە لە سۆران، هەڵیان‌کوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک و دوای لێدانێکی زۆر، بە زۆر لە سندووقی ترۆمبێلیان ناوە و، بە بازگەکەی سارداو لە سنووری شارەدێی 'مەزنێ'ـدا تێپەڕیون و، بردوویانەتە چیای برادۆست گوایە لەوێ بیکوژن، بەڵام کارمەندەکانمان کەوتوونەتە دوویان و، بەر لەوەی دەستیان بچێت بە خۆیندا، هەر شەشەکەیانیان بە چەقۆ و چەکەوە دەستگیر کردوون."

لەو هەشت کەسە شەشیان خەڵکی 'کۆڕێ'ـنە و، یەکێکیان هەولێرییە و، ئەوەی دیکەیشیان خەڵکی شنگالە؛ سەرەتاقمەکە ددانی بەوەدا ناوە کە پێشتر تاوانی دیکەیشیان کردووە."

ئاسایش خەڵکی دڵنیا کردەوە کە هیچ شتێک لە مێرگەسۆردا ون نابێت و، هەر کەسێک لە دەرەوە بیەوێت بێتە ناوچەکە و سەرپێچی بکات، لە دەستمان دەرناچێت.

ڕابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار