بەھۆی ھەندێک گرفتی یاساییەوە تا ئێستا حکوومەتەکە ڕانەگەیێندراوە.. پارێزگای ھەولێر تێکەڵ بە ھیچ پارێزگایەکی دیکە نەکراوە
ھەولێر_KDP.info_ سەرۆکی فراکسیۆین پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ئاشکرای کرد، ھەموو لایەنە سیاسییەکان لە شاری ھەولێر ڕێک کەوتوون بۆ بەشداری لە حکوومەتە خۆجێییەکەی ھەولێر و، پۆستەکانیش دابەش کراون، بەڵام بەھۆی ھەندێک گرفتی یاساییەوە تاوەکو ئێستا حکوومەتەکە ڕانەگەیێندراوە، چونکە (نێچیرڤان بارزانی) بڕیاری داوە کە ھەموو لایەک بەشداری لە حکوومەتە خۆجێییەکەی ھەولێردا بکەن.
(کەنعان خەیلانی) سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھۆکاری دواکەوتنی حکوومەتە خۆجێییەکەی ھەولێر بۆ ھەندێک گرفتی یاسایی دەگەڕێتەوە، چونکە کێشەی شارەدێوان (بەڕێوەبەری ناحیە) و، شارۆچکەوان (قایمقام)ـەکان ھەیە کە دەبێ بە ھەڵبژاردن بکرێت و، لەبەر ئەوەی ھەڵبژاردن نەکراوە، جارێ ئەنجوومەنی پارێزگا نوێنەرایەتییان دەکات."
سەرۆکی فراکسیۆین پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر گوتیشی، چەند کۆبوونەوەیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو گرفتەن، چونکە ئەم کێشەیە لە ھەموو پارێزگاکاندا ھەیە نەک هەر لە ھەولێر.
(کەنعان خەیلانی) گوتیشی، لە دانانی بەڕێوبەرە گشتیەکاندا، بەپێی یاسا، پارێزگا پێنج بەربژار دیاری دەکات و، رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکات بۆ ئەوەی یەکێکیان ھەڵبژێرن، بەڵام لایەنەکان یەک ناویان داوە بە ئێمە و بووەتە کێشە، چونکە ئەوەی دوو بەڕێوەبەری بەر بکەوێت پێویستە ١٠ کەس بەربژار بکات.
سەرۆکی فراکسیۆین پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ڕوونیشی کردەوە، ھەموو لایەنەکان لەسەر پۆستەکان ڕێک کەوتوون و، ھەموو لایەنەکان پۆستی شارۆچکەوان و، شارەدێوان و، بەڕێوەبەرە گشتییەکان کە ھەر یەکە و بەپێی سەنگی ھەڵبژاردنەکەکە، ڕەزامەندییان دەربڕیوە لە حکوومەتە خۆجێییەکەی ھەولێردا بەشداری بکەن، بەڵام ئەو گرفتە یاسایییانە بوونەتە بەربەست ئەگەرنا ڕادەگەیێندرێت و، ڕێککەوتن کراوە.
(کەنعان خەیلانی) پارێزگای ھەولێر تێکەڵ بە ھیچ پارێزگایەکی دیکە نەکراوە و، بە بڕیاری (نێچیرڤان بارزانی) پێویستە ھەموو لایەنێک لە حکوومەتە خۆجێییەکەی ھەولێردا بەشداری بکەن.
بڵند ئیبراھیم




