٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

لەندەن-KDP.info-  (فەلاح مستەفا) داوای لە حکوومەتی بەریتانیا کرد هانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و، وڵاتانی جیهان بدات بۆ ئەوەی هاریکارییەکی زیاتر مرۆیی  پێشکەش بە ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێم بکەن. وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی بەریتانیایش هەڵوێستی وڵاتەکەی لە بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی هاریکاریی مرۆیی و سەربازی بۆ هەرێم دووپات کردەوە.

(فەلاح مستەفا) بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکوومەت لە لەندەن لەگەڵ (دێسمۆند سوەین) وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی بەریتانیادا کۆ بووەوە.
لەو دیدارەدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە سڵاو و ڕێزى گەل و حکوومەتى هەرێمى پێشکەش بە حکوومەتی بەریتانیا کرد بۆ ئەو هاریکاری و پشتگیرییەی کە لە گەلى کوردستانى دەکەن. لە هەمان کاتیشدا داوای لە حکوومەتی بەریتانیا کرد کە ڕێژەی ئەو هاریکارییە زیاتر بکات و لە ڕێگای پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و، وڵاتانی جیهانەوە هانیان بدات بۆ ئەوەی هاریکارییەکی زیاتری مرۆیی پێشکەش بەو ئاوارانە بکەن پەنایان هێناوەتە هەرێم.
(فەلاح مستەفا) هەروەها گوتی: "کوردستان ئێستا بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت ئەویش بەهۆی شەڕی گرووپی تیرۆریستی داعش و، نەناردنی بوودجەی هەرێم لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە. نزیکەى دووملیۆن ئاوارە لە سووریا و عێراقەوە هاتوونەتە هەرێم و، باری حکوومەتی هەرێمی یەکجار قورس کردووە. لەو بارودۆخەشدا پێویستیمان بە هاریکاریی هەموو لایەك بە گشتی و وڵاتی بەریتانیادا بە تایبەتی هەیە."
(فەلاح مستەفا) وێڕای باسکردنی بارودۆخی ئێستای هەرێمى کوردستان و عیراق گوتى کۆبوونەوە و هەوڵەکانمان بەردەوامە لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵ بە یارمەتیى دۆستەکانمان، بۆ ئەوەى حکوومەتى فیدراڵ پابەند بێت بە چارەکردنى پرسى بوودجە و ڕەوانەکردنى مووچەى فەرمانبەران و چارەکردنى پرسە هەڵواسراوەکانى دیکە.
(مستەفا) هاوکات پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمیشی بەو ڕێککەوتنە دووپات کردەوە کە بەم دواییە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا واژۆی کردووە، لە هەمانکاتیشدا داوای کرد حکوومەتی بەغدایش پابەند بێت بە لایەنەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە و بەشە بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بوودجەی پێشمەرگە ڕەوانە بکات بۆ ئەوەی هەرێم دەرەقەتی ئەو هەموو ئاستەنگە ببێت. ئاماژی بەوەش دا کە بەغدا تا ئێستا وەك پێویست هاریکاری ئەو هەموو پەنابەرەی هەرێمی نەکردووە و خۆی لەو بابەتە دوورە پەرێز گرتووە.
وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا جارێکی تر هەڵوێستی وڵاتەکەی لە بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی هاریکاریی مرۆیی و سەربازی بۆ هەرێم دووپات کردەوە و، باسی ئەوەی کرد کە پێویستە بە یەکەوە لەگەڵ هەرێم پلانێکی تۆکمە دابنێن بە مەبەستی چۆنیەتیی کارکردن و هاریکاریکردنی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێم.

لەم بارەیەوە (فەلاح مستەفا) هیواى خواست وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بەریتانیا و کاربەدەستانی وەزارەتەکە سەردانی هەرێمى کوردستان بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بارودۆخەکە بە چاوی خۆیان ببینن و، لەمەولا بە یەکەوە ڕێگە چارە و پلان بۆ کارەکان دابنێن.
 

هەواڵی پەیوەندیدار