کۆبوونەوەکەی لایەنە سیاسییەکان لە هەڵەبجە بێئاکام بوو

هەڵەبجە-KDP.info- لایەنە سیاسییەکانى هەڵەبجە، ئەمڕۆ جارێکى دیکە کۆ بوونەوە، بەڵام لە یەکلاکردنەوەی پۆستە ئیدارییەکانى پارێزگاکەدا نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێک و کۆبوونەوەکەیان بێئاکام بوو.
بەرپرسى مەڵبەندى پێنجى یەکگرتووى ئیسلامى لە هەڵەبجە (حەسەن شێخ عەبدوڵا) لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەى بەدا کە، کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆیان لەبارەى گفتوگۆکردن بووە لە چۆنیەتیى دابەشکردنى کورسییەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاى هەڵەبجە کە لە 25 کورسى پێک دێت، جیا لە کورسیی کاکەییەکان کە یەکلا بووەتەوە، قسەیان لەسەر 24 کورسییەکەى دیکە کردووە.
گوتیشى لە کۆبوونەوەکەدا چەند بۆچوونێک هەبوون لەسەر چۆنیەتیى دابەشکردنى کورسییەکان، وەک لەبەرچاوگرتنى ڕێژەى دەنگى لایەنە سیاسییەکان لە هەڵبژاردنەکانى 30ـی نیسانى ساڵى ڕابردوو و، خەبات و تێکۆشانى حزبەکان و، ڕەچاوکردنى بارودۆخى ئێستاى هەڵەبجە، هاکات بۆچوونێکیش هەبووە لەوەى کە وا باشترە سەرجەم لایەنەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى هەڵەبجەدا کورسییان هەبێت.
بەرپرسەکەى یەکگرتووى ئیسلامى لە هەڵەبجە ئاماژەیشی دا کە، کۆبوونەوەکەیان بە کراوەیى هێشتووەتەوە و، لە چاوەڕوانیى لیژنەى باڵاى دانوستانکارى لایەنە سیاسییەکاندان بۆ ئەوەى بتوانن لە چەند ڕۆژی دیکەدا پۆستە ئیدارییەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان یەکلایى بکەنەوە، بۆیە لە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆدا هیچ ڕێککەوتنێکیان لەبارەى هیچ پۆستێکەوە نەکردووە.
ئاسۆ عەلى




