زانا ڕۆستایی: بە گوشاری مالیکییە کە عەبادی لەگەڵ کورد ڕێکناکەوێ

هەولێر-KDP.info- (زانا ڕۆستایی) پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق، جەخت دەکاتەوە، (مالیکی) گوشاری زۆری خستووەتە سەر(عەبادی) بۆ دژایەتیکردنی کورد، هەڵبەت رەوتەکەیشی (عەبادی) تۆمەتبار دەکەن کە ملکەچی کوردە و عێراقی فرۆشتووە بە هەرێمی کوردستان؛ ئاخر (مالیکی) و گرووپەکەی کاری جیددی دەکەن بۆ تێکدانی پێوەندی هەولێر و بەغدا.
(زانا ڕۆستایی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "با وای دابنێین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان 50% پابەندی رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت بووە، بەڵام لە ڕاستیدا بەغدا 1% پابەند نەبووە و ئامادەیش نەبووە هیچی لێ جێبەجێ بکات، لەگەڵ ئەوەشدا حکوومەتی هەرێم بڕیاری داوە بەردەوامی بە گفتوگۆکان بدات و گەشبینیشین کە بەم نزیکانە بگەینە ئەنجام."
پەرلەمانارەکەی ئاشکرایشی کرد" لە لایەن (مالیکی)ـیەوە گوشارێکی زۆر لەسەر (عەبادی)ـیە بۆ دژایەتیکردنی کورد، هەڵبەت (مالیکی) و رەوتەکەی (عەبادی) تۆمەتبار دەکەن کە ملکەچی کوردە و عێراقی فرۆشتووە بە هەرێمی کوردستان، بۆیە (مالیکی) و گرووپەکەی کاری جیددی دەکەن بۆ تێکدانی پێوەندی هەولێر و بەغدا."
سەرەڕای ئەو گوشارانەی لەسەر حکوومەتەکەی (عەبادی)ـین بۆ تێکدانی پیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، بەڵام وەک ئەو پەرلەمانتارەی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەگەرچی هێشتا لەگەڵ عێراق نەگەیشتووینەتە بنبەست و ئومێدی گفتوگۆ و چارە هەرماوە، چونکە ئەگەر گەیشتینە بنبەست دەبێت کورد بۆ خۆی بڕیارێکی تر بدات، بۆیە لە دۆزینەوەی رێگا چارەیەک بۆ ناردنی مووچە و بوودجەی کوردستان تەواو بێئومێد نەبوونە."
یەحیا سابیر




