٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە وێنەوە؛ بەختیار هەندێکی چەکە کۆنەکانی پێشمەرگە چاک دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info
بەختیار بۆ تاقیکردنەوە نیشانی گرتووە.

هەولێر-KDP.info-  لە شوێنە پیشەسازییەکەی (بەختیار عەزیز) کە لە ژێرزەوینێکی بازاڕێکی هەولێرە، لە کاتی چاککردنەوەی چەکێکی ئەمەریکایی لە جۆری(ئەی کەی ٤٧)ـدا پڕیشکی ئاگری کۆسەرەکەی بەملاو ئەولادا بڵاو دەبنەوە.

(بەختیار)ـی تەمەن ٣٦ ساڵ تا درەنگانی شەو لەو شوێنەدا دەمێنێتەوە، بۆ چاککردنەوەی ئەو چەکە کۆنانەی پێشمەرگە کە لە شەڕی دژی داعشدا بەرگری پێ لە خاک دەکەن.
لەم ڕێپۆرتە ڤیدیۆییەدا کە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکایی لەگەڵیدا سازی داوە، (بەختیار) باس لە چەکێکی کۆنی سۆڤیێتی دەکات و دەڵێ، "ئەم چەکە پاش ئەوەی چوار پێنج فیشەکی پێ دەتەقێندرێ لە کار دەکەوێ؛ چەکەکە گیری کردبوو و ڕانەدەکێشرایەوە."
(بەختیار) لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە لای باوکی خولیای چاککردنەوەی چەک دەبێ و تا ئێستا بەردەوامە لەو کارەی و لە ماوەی ئەو ٢٥ ساڵەی کارکردنیشیدا، هێشتا لە چاککردنەوەی چەکدا پەکی نەکەوتووە.


(لەتیف) پێشمەرگەیەکە و تازە لە میحوەری کەرکووک گەڕاوەتەوە و بۆ چاککردنەوەی تفەنگەکەی هاتووەتە لای (بەختیار)، ئەو دەڵێ، "کاتێک کە لە شەڕی دژبە داعشین، ئەگەر گرفتێکی سادە لە چەکەکانماندا هەبێ هەر لەوێ و خۆمان چاکی دەکەینەوە، بەڵام ئەگەر کێشەیەکی گەورەتری هەبێ، ئەوا دەیهێنینە ئێرە."


(بەختیار) لەوەتەی هەڵگیرسانی شەڕی داعشدا، زۆر جار خۆبەخشانە دەچێتە بەرەکانی شەڕ و چەکی ئەو پێشمەرگانە چاک دەکاتەوە کە گرفتی تەقەکردنیان هەیە. تا ئێستایشی لەگەڵ بێت ڕۆژێک لە کارەکەی نەوەستاوە کە چاککردنەوەی چەکە کۆنەکانی پێشمەرگەیە.


لە شوێنی (بەختیار) ئەوەی کە زیاتر گوێبیستی دەبیت، دەنگی چەخماخەی تفەنگەکانە کە تاقییان دەکاتەوە و بۆ ئەوەیش بزانێ لە نیشانگرتندا چۆنە؛ لە قورسترین کارەکانیشی لەو ساتەدا کە ڕیپۆرتەرەکەی سی ئێن ئێن لای بووە، چەکێکی ئەمەریکایی جۆری (ئێم ١٦)ـی بەردەست بووە کە لە پاش شکستەکەی سوپای عێراق لە مووسڵ لەسەر دەستی داعش، جێ ماوە و پارچەی بەرکەوتووە، بەڵام چاکی دەکاتەوە و بۆ جارێکی دی تەقەکردن و کەوتنە دەست پێشمەرگەیەک بۆ بەرگریکردن لە خاکی کوردستان بە کار دەهێنرێتەوە.

  

هەواڵی پەیوەندیدار