ئەگەر نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیران نەبایە حکوومەتی ئێستای ھەرێم ھەڵدەوەشایەوە

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی وەها باسی پلانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەکا، وەک بڵێی هاتبێتە دی، کەچی پلانەکە هێشتا جێبەجێ نەکراوە؛ جەختیش دەکاتەوە کە ئەگەر (نێچیرڤان بارزانی) نەبایە حکوومەتی ئێستای ھەرێم ھەڵدەوەشایەوە.
(دڵشاد شەعبان) جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پلانێکی دانابوو تاوەکو ساڵی ٢٠١٦ کە باسی لەوە کردووە لە فڵانە مانگدا ئاستی بەرھەمهێنانی نەوت دەگاتە ئەو ڕێژەیە و، ئەو داتایانەیان داوەتە ھەموو پەرلەمانتاران کە ئەمە پێشبینییە و، نەهاتووەتە دی، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە بیرەوەرێکی داوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان وەک بڵێی هاتبێتە دی و، باس لەوە دەکات ئەم پارەیە دیار نییە، لە کاتێکدا ئەمە پێشبینییە و، نەهاتووەتە دی.
(دڵشاد شەعبان) وتیشی، شەڕی داعش و قەیرانی دارایی ساڵێک ئەو پلانەی دواخستووە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە وەک جێبەجێ کرابێ، باسی لێوە دەکا.
(شەعبان) ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر سیاسەتی نەوتی ھەرێمی کوردستان و تەمویلکردنی پارەی نەوت لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە تا ٢٠١٣ بۆ وەزارەت و، پرۆژەکان و، بووژاندنەوەی پارێزگاکان و، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەبایە، حکوومەتی ئێستای ھەرێم ھەڵدەوەشایەوە.
کەچی سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی بیرەوەرێکی داوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و، باس لەوە دەکات کە ئەو پارەیەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەکو پلانی خۆی دایناوە، دیار نییە و، پێویستە بزانین ئەو پارەیە چی لێ ھاتووە، کەچی ئەوە هەر پلانێکە و هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
بڵند ئیبراھیم




