٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕۆژنامەوانان: به‌شێک له‌ میدیای كوردی له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌دا ڕۆڵی نەرێنی دەگێڕن و ئاگر خۆش ده‌كه‌ن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  به‌شێک له‌ ‌میدیای كوردی لە كاتی تەنگژەدا ئاگر خۆش دەكه‌ن و، ڕەچاوی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان ناكه‌ن. میدیاكارانیش وای بۆ دەچن؛ هۆكارەكەی ئەوەیە كە هەندێ میدیای كوردی ئەجیندای دەرەكی ئاڕاستەیان دەكات، بۆیە که‌ تەنگژەیەك دەخوڵقێ، ئەوان دۆخەكە بە ئاڕاستەیەكی نەرێنیدا دەبه‌ن و خەڵك دەخرۆشێنن.

لە كاتی سەرهەڵدانی تەنگژەكاندا، هەندێ لە میدیاكانی كوردستان، لە بری كاركردن بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی باڵای كوردستان، كار بۆ پتر شڵەژانی دۆخەكە و، زەقكردنەوەی چالاكییەكانی دوژمن و نكۆڵیكردن لە هەنگاوە بەپێزەكانی حكوومەت دەكەن. ئەمەیش دەكەوێتە دەرەوەی بازنەی كاركردنی پیشەیی و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی. بۆیە میدیاكاران دژی دەوه‌ستنەوە.

(هەمزە شوانی)ـی ڕۆژنامەوان، توانجی بۆ ڕۆڵی نەرێنیی هەندێ میدیای كوردی ئەمەیە: سەروەختی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری و كەوتنە جەنگەوە، میدیا دەبێ پابەندی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەل و نیشتمان بێت، بەڵام هەندێ میدیای كوردی نابه‌رپرسن و، بە دوای كەلێنێكەوەن تا گەردێك بكەن بە بەردێك. ئەو میدیایانە ڕۆڵی نەرێنی دەگێڕن، بۆچوون و چالاكی و پلانەكانی دوژمن زەق دەكەنەوە و، ورەی خەڵكی كوردستان دەڕووخێنن."

(هەمزە شوانی) دەڵێ: "جگە لەوەی وڵات لە جەنگدایە، لە قەیرانی ئابوورییشدایە. كەچی میدیای كوردی ڕەچاوی ئەم دۆخە هەستیارەی نەكردووە و، بووەتە فووتێكەرێك بۆ هاندانی خەڵك و تۆمەتباركردنی حكوومەتی هەرێم وەك چاوگەی قەیرانەكان. ئەو میدیایانە خەڵكی هان دەدەن بڕژێنە سەر شەقام و خۆپێشاندان بکەن. ئەمەیش ڕووبەڕووبوونەوەی بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمانە."

(كرمانج هۆشیار)ـی ڕۆژنامەوان، بە باشی دەزانێ؛ لەم دۆخەی ئێستادا، سانسۆر بخرێتە سەر میدیای كوردی، بە تایبەت ئەو میدیایانەی پڕۆگرامگەلێك بڵاو دەكەنەوە، كە خزمەت بە نەیارانی كورد دەكات. "دەبێ سانسۆرێك دابنرێت، هەر كەسێك بۆنی ئیسلامیی ڕادیكاڵی لێهات، لێدوانی بڵاو نەكرێتەوە. چونكە بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە لێدوانانە، دەبێتە فاكتەرێك بۆ تەشەنەكردنی بیری توندڕەوی و تێكدانی وڵات."

(كرمانج هۆشیار)، نەیشاردەوە؛ مووچەخۆرانی كوردستان مافی خۆیانە داوای مووچەكانیان بكەن، بەڵام ڕژانە سەر شەقام، ئەگەرچی ڕەوایە، وەلێ ئەوانەی دژی سەركەوتنی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمن، دەیانەوێ لە ڕێگەی جووڵاندنی شەقامەوە، شكست بە سیاسەتی كوردی بهێنن. جا دەستی دەرەكی، هەندێ میدیای كوردی وەك ئامڕازێك بۆ جووڵاندنی خەڵك، بەكار دەهێنێت.

(سیروان تاهیر)ـی ڕۆژنامەوان، بە ڕاستی نازانێ؛ میدیای كوردی گرتەی سووكایەتیكردن بە پێشمەرگە دیلەكان و گرتەی چالاكییەكانی داعش بڵاو بكاتەوە. ئەو دەڵێ: "چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی بۆیە ئەو گرتانە بڵاو دەكەنەوە، تا ئازایەتیی خۆیان و داماویی پێشمەرگە، پێشان بدەن. ئەمەیش بۆ كورد بە زیان دەكەوێتەوە."

(سیروان تاهیر)، گوتیشی: "كوردستان بە لێشاوێك میدیای نووسراو و بیستراو و بینراوەوە، نەیتوانیوە سوود لە میدیا وەربگرێت، هۆكارەكەیشی نەبوونی پلان و سیاسەتی میدیایییە. میدیاكانی كوردستان بێسەرەوبەرەن، هەركەو لە ئاوازێك دەخوێنن، هەندێكیشان خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی کوردستان ناکه‌ن. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە هەرێمی كوردستان بە سیاسەتی میدیاییی خۆیدا بچێتەوە، پلانێكی وەها دابڕێژێت كە خزمەت بە بەرژەوەندیی باڵای كوردستان بكات.

کۆنفرانسێک بۆ رێکخستنی کاری رۆژنامەگەری دەبەسترێت

حاکم (ئازاد حەمەدەمین)، نەقیبی رۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ "هەولێر" ئەوەی خستەڕوو؛ بە تەواوی هەستیان بەو کێشانە کردووە کە لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی رابردوو رووی داوە و، بۆیەش بە پێویستییان زانیوە کار بۆ ئەوە بکەن بەمزووانە کۆنفرانسێک بە بەشداریی میدیاکان و لایەنە پێوەندیدارەکان ببەستن، بۆ ئەوەی لە فه‌زای یاساییدا کێشەکانی رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان بنبڕ بکەن و بیانهێننە سەر رێڕەوێکی رێکوپێک و یاسایی.

ئێستا، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ژوورێکی عەمەلیاتی پێک‌هێناوە بۆ مەبەستی کارکردن و ئامادەکاری بۆ ئەو سێمینارە و، نووسینەوەی پرۆژەیەکی تایبەت بە رێکخستنی کاری رۆژنامەنووسی.

نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئەوەی خستەڕوو؛ دوو لێژنەیان پێک‌هێناون کە یەکێکیان یاساییە و ئەوەی تریان لە پسپۆڕانی دەروونی و مامۆستایانی زانکۆ پێک‌دێت. مەبەستی ئەو لێژنانە داڕشتنی پرۆژەیەکە بۆ رێکخستنی کاری رۆژنامەنووسی.

هاوکات، لە لایەن لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانەوە بۆردێک دامەزراوە بۆ ئەوەی شانبەشانی لقەکانی تر بۆ ئەم مەبەستە هەنگاو بنێت و، رای زۆرترین خەڵک وەربگرێت.
سەندیکای رۆژنامەنووسان لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆش لە هەماهەنگی دایە، بۆ ئەوەی لەو کۆنفرانسەدا بەشدارییان پێبکات. جگەلەمە، سەرجەم میدیا حزبی و ئەهلییەکان لە رێکخستنی ئەو کۆنفرانسە بەشدار دەبن.

بەگوتەی (ئازاد حەمەدەمین)؛ هەر دوێنێ دووشەممە، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەکو سەندیکا و میدیاکاران، کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت هەبووە و تاوتووی ئەو کێشانەیان کردووە.

هاوکات (رەحمان غەریب)، بەڕێوەبەری سەنتەری مێترۆ، باسی لەوە کرد؛ رەخنەی زۆریان لە ئەدای کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان هەیە و، بەشێک لە میدیاکان بوونەتە مەکینەی راگەیاندنی داعش.

ئەو گوتی؛ کۆمپانیاکانی فەیسبووک و تویتەر وێنەکانی داعش دادەخەن، کەچی راگەیەندنە کوردییەکان وێنەکانی داعش بڵاو دەکەنەوە و ترس و، دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتیان دەنێنەوە. کە مەبەستی سەرەکیی داعشیش هەر ئەوەیە کە راگەیاندنەکان ئەنجامی دەدەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەنتەری مێترۆش لە بەرنامەیدایە لەگەڵ میدیاکان دانیشتنی هەبێت و، دوای تاوتووکردنی چەند پرسێکی تایبەت بە کاری رۆژنامەوانی، بەیاننامەیەک بڵاو بکەنەوە.

(رەحمان غەریب)، هەر جۆرە هەوڵێک، کە لەلایەن سەندیکای رۆژنامەنووسان ئەنجام بدرێت بەمەبەستی رێکخستنی کاری رۆژنامەوانی، بە ئەرێنی هەژمار دەکات و، دەڵێت: "هێڵە سوورەکان دیاری بکرێن، لەکاتی رووماڵکردنی شەڕ کۆمەڵێک خاڵی گرینگ هەن کە پێویستە راگەیاندنەکان گرینگی پێبدەن و بە هەستیارییەوە بجووڵێنەوە. ئەو ئازادییەی هەیە هیی پێشمەرگە و خەڵکە، دەبێت رۆژنامەنووسان بزانن چ شتێک بڵاو دەکەنەوە."

بەڕێوەبەری سەنتەری مێترۆ، رەخنە لە رۆژنامەنووسان دەگرێت و، پێیوایە رۆژنامەنووسان لە نێو یاسای کاری رۆژنامەگەری ئەوەندەی بەدوای مافەکانی خۆیاندا گەڕاون، هەوڵیان نەداوە ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکەن کە کەوتۆتە سەرشانیان.

لە ڕۆژنامەی هەولێرەوە

هەواڵی پەیوەندیدار