ڕه‌وتی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌ولێر به‌رده‌وام ده‌بێت و پاره‌ی به‌ڵێنده‌ران قه‌رزه و، نافه‌وتێت

هه‌ولێر -KDP.info- جێگری پارێزگاری هه‌ولێر دەرباره‌ی نیگه‌رانیی به‌ڵێنده‌ران، ئاماژه به‌وه ده‌كات پاره‌یه‌كی زۆریان له پڕۆژه‌كان خه‌رج كردووه به‌ڵام به‌هۆی بێ بودجه‌یه‌وه نه‌توانراوه پاره‌كانیان بدرێته‌وه، به‌ڵام پاره‌كانیان قه‌رزه و نافه‌وتێت.
)تایەر عه‌بدوڵڵا) جێگری پارێزگاری هه‌ولێر بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوتی: "پاره‌ی به‌ڵێنده‌رانی شاری هه‌ولێر له وه‌زاره‌تی داراییه و، نایاته پارێزگای هه‌ولێر بۆیه ئه‌گه‌ر به‌ڵێنده‌ران له‌سه‌ر پاره‌ی خۆیان پڕۆژه‌كان ته‌واو ده‌كه‌ن، ئه‌وه ئێمه ده‌ستخۆشییان لێ ده‌كه‌ین به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌یشتوانن له‌وه زیاتر كار بكه‌ن، ئه‌وه شتێكی واقیعه پرۆژه‌كان ڕاوه‌ستاوه چونكه پاره‌یه‌كی زۆریان خه‌رج كردووه و، پاره‌كانیش له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه نه‌دراوه‌ته‌وه و، قه‌رزه، به‌ڵام لەبەر ئه‌و قه‌یرانه داراییە نه‌توانراوه پرۆژه‌كان جێبه‌جێ بكرێن و، چه‌ند جارێكیش له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی داراییدا كۆ بووینه‌ته‌وه و، داوامان كردووه ئه‌و سلفانه‌ی دێن هاوشانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بڕێكی بۆ به‌ڵێنده‌ران ته‌رخان بكرێت، تا به‌رده‌وام بن له كاری خۆیان به‌ڵام ئه‌مه به كه‌می كراوه ئه‌وله‌ویه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه".
)تایەر عه‌بدوڵڵا) ئه‌وه‌شی خسته ڕوو كاره‌كان جگه له‌وه‌ی سستییان تێ كه‌وتووه، زۆربه‌یان ڕاوه‌ستاون و توانای ئه‌وه‌یان نییه، بچنه واری جێبه‌جێكردنه‌وه چونكه بوودجه له به‌ر ده‌ستدا نییه، به‌ڵام نایشبێت له‌وه بترسین كه ڕه‌وتی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌ولێر بوه‌ستێت، نه‌خێر، ئه‌مه ماوه‌یه‌كی كاتییه و، كۆتایی پێ دێت، گوتیشی: "مافی به‌ڵێنده‌ران نافه‌وتێت، ئه‌وه قه‌رزێكه و له‌سه‌ر شانی حكوومه‌ته، به‌ڵام له‌م كاته‌دا ناتوانین زۆریان بۆ بهێنین بۆ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كان."




