٨٠%ی هاووڵاتیانی زوممار گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان

زوممار-KDP.infoــ 'شارەدێوان'ـی زوممار دەڵێت، تا ئێستا چوار بەش واتە 80%ـی خەڵكی ناوچەكە گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و، ئەو 'پێنجەک'ـەیشیان کە ماون، وا بەرەبەرە دەگەڕێنەوە؛ "بەپێی ئەو ئامارانەی بەر دەستمان، چەكدارانی داعش زیاتر لە 500 خانوو و باڵەخانەیان لە سنووری زوممار خاپوور كردووە و، تەقاندوویانەتەوە."
(موزاحم سەعدون) شارەدێوانی زوممار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتیی كوردستان گوت: "تا ئێستا چوار بەشی خەڵكی زوممار گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و، باقییەکەیشیان وا خەریکە دەگەڕێنەوە. حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش زۆربەی زۆری خزمەتگوزارییەکانی بۆ ناوچەكە دابین كردووە، تەنیا كارەباکە ماوە، ئەویش وا خەریکن لە بەنداوی مووسڵەوە بۆی ڕادەکێشن."
گوتیشی: "پێویست بوو حكوومەتی عێراقیش بهاتبایەتە یارمەتیی حكوومەتی هەرێم بۆ باروبووکردنی خەڵكی ناوچەكە و، پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ ناوچەكە دابینبکردایە، بەڵام بە داخەوە لە چکێ پارە نەبێ، هیچی نەناردووە. لام وایە ئەگەر حكوومەتی هەرێم نەبووایە و، پڕۆژەكانی ناوچەكەی نۆژەن نەكردبایەتەوە، خەڵكی ناوچەكە بەمئاسان نەدەگەڕانەوە. خۆ چەكدارانی داعش، زوممار و دەوروبەریان کاول کردووە؛ 500 خانوو و باڵەخانە زیاتریشیان تەقاندبوویەوە، ئێستا هەندێك خەڵك گەڕاونەتەوە، بەڵام جێوڕێ و هەنوانێکیان نەماوە، تێیدا بحەوێنەوە. پێویستە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە حكوومەتی عێراقیش هاوكاریی خەڵكی ناوچەكە بكات."
ڕابین شێروانی




