نازم ھەرکی: خۆ حکوومەت بنکەفراوانە، بۆ هەندێ پەرلەمانتار کاریان بووەتە ناردنی بیرەوەر!

هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، کۆمەڵێ پەرلەمانتار کاریان بووەتە بەرزکردنەوەی بیرەوەر؛ هەڵبەت دەشڵێت خۆ حکوومەت بنکەفراوانە وهی هەموویانە، پێویست ناکات خۆیان لە بەرپرسیارەتی بدزنەوە.
(نازم ھەرکی) ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆمەڵە پەرلەمانتارێک کاروپیشەیان بووە بە بەرزکردنەوەی بیرەوەر و تۆمەتبارکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کەچی حکوومەتەکە بنکەفراوانە و ھەموو لایەنێکی تێدا بەشدارە و، هی هەموویانە، پێویستە بەرپرسیارەتی هەڵبگرن."
(نازم ھەرکی) گوتیشی، ھەندێک لەپەرلەمانتاران داوایان کردووە سەرۆکی حکومەت لەبارەی قەیرانی دارایی بانگھێشتی پەرلەمان بکرێت کە ئێمە وەکو فراکسیۆنی زەرد واژۆمان نەکردووە، چونکە لەم کاتەدا بانگهێشتکردنی گونجاو نییە، بۆیە بە باشی نازانین واژۆیشمان لەسەری نەکرد.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ڕوونیشی کردەوە، ھەموو لایەک بەرپرسیارەتیمان لەسەر شانە، بۆیە ئەو لایەنانەی ئەو داواکاریەیان کردووە دەیانەوێت خۆیان لە بەرپرسیارەتی بدزنەوە، ئەگەر نا حکوومەتەکە بنکەفراوانە و ھەر یەکە و، بە قەبارەی خۆی بەرپرسیارەتیی دەکەوێتە ئەستۆ.
بڵند ئیبراھیم




