٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی: تەحەدا دەکەم، حزبە بەشداربووەکانی حکوومەت هەرهەموویان لە باشە و خراپەدا بەرپرسیارن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکوەزیرانی کوردستان ڕایگەیاند کە، تەحەدای گشت حزبەکانی بەشداربووی حکوومەت دەکات کە لە گشت باش و خراپەیەکی حکوومەتدا بەشدارن، بەڵام لە مێدیاکاندا شتێکی دی دەبیسین و، کەوتوونەتە زەقکردنەوەی کەموکورتییەکانی حکوومەت. لە بابەت بەغدایشەوە (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند بەر لە گشت شتێک دەمانەوێ لەگەڵ بەغدادا ڕێک کەوین، بەڵام ئەگەر ناچار بووین ئەوا نەوتی خۆمان هەیە و، دەیفرۆشین.

(نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە دیدارەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ مێدیاکانی هەرێمی کوردستاندا لە بابەت چەندین تەوەری هەستیاردا زانیاریی وردی ڕاگەیاند و، ڕاشکاوانە لە بابەت ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا و هەناردەکردنی نەوت و مووچەی فەرمانبەران و چەندین بابەتی دی زانیاریی بە مێدیاکان دا.
سەرۆکوەزیرانی کوردستان، ڕایشیگەیاند کە، "تەحەدای گشت ئەو حزبانە دەکەم کە لە گشت کارە چاک و خراپەکانی ئەو کابینەیەدا بەشدارن، چونکە گشتیان پێکەوە واژۆیان لەسەر ئەجێندا و ستراتیژیەتی کارنامەی حکوومەت کردووە؛ بەڵام بە داخەوە لە مێدیاکاندا شتێکی دیکە دەبیستین کە سەنگەر لە حکوومەت دەگرن و هێرش دەکەنە سەر کەموکورتییەکان، لە کاتێکدا خۆیان بەشدارن لە کابینەکە کە کابینەیەکی بنکە فراوانە بە بەشداری گشت لایەنەکانەوە."
سەرۆکوەزیرانی کوردستان گوتی، جاران دیار بوو کێ ئۆپۆزسیۆنە و کێ دەستەڵات بەدەست، بەڵام کە ئێستا گشتیان لە دەستەڵاتدانە، دیار نین کە ئەمانە ئۆپۆزسیۆنن یان لە حکوومەتدان؛ جا با بە کاروکردەوەیاندا بچنەوە.

سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا سەرۆکوەزیرانی کوردستان ڕایگەیاند کە، ئەولیەتی ئیمە پابەندبوونە بە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا چونکە لە بەرژەوەندیی هەردوو لادایە و لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندایە، تا ئەو ڕادەیەی کە بتوانین پێکەوە هەڵبکەین و، ڕێکەوتنەکە بەجێ بگەیێنین؛ ئیمە پابەند دەبین، بەڵام بەغدا شتێکی دیکەیان دەوێ، ئەوان دەیانەوێ بەگوێرەی فرۆشتنی نەوت پارەمان بۆ بنێرن بە نموونە ئەگەر ١٠٠هەزار بەرمیل ڕەوانە بکەین بایی ئەوەندە پارەمان بۆ بنێرن نەوەک بە گوێرەی بوودجە و مافی ١٧%ـەکەی خۆمان. هەروەها گوتیشی کە، داوای ئیمە ئەوەیە کە بە گوێرەی بوودجە و مافی ئێمە و، ڕێککەوتنەکە پارەمان بۆ ڕەوانە بکەن، بەڵام ئەوان دەیانەوێ بە نەفەقات پارەمان بۆ بنێرن.
(نێچیرڤان بارزانی) گوتیشی کە ئەگەر بێت و بەغدا پابەند نەبوو کەی ئیمە دەخوازین ئەم ڕێککەوتنە بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێ، ئەوا ئەگەر ناچار بووین پشت بە هەناردەکردنی نەوتی خۆمان دەبەستین و ئەوکات چۆنچۆنی دەیفرۆشین.
هەڵبەت گوتیشی کە تا ئێستا ئەو نەوتەی فرۆشتوومانە پارەکەی وەردەگرین، هیچ بەربەستێک لە بەردەماندا نییە.
دەربارەی قەیرانی دارایی هەرێم، (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند هەرێمی کوردستان نەکەوتووەتە قەیرانەوە و تا ئێستا هیچ پارەیەکمان لە دەرەوە قەرز نەکردووە، لە ساڵی ٢٠١٤ـدا ٥٠٠ملیۆن دۆلامان لە تورکیا قەرز کرد بەڵام لەبەرانبەردا ئێمە نەوتیان پێ دەدەینەوە، ئێستاش کە سەردانی تورکیامان کرد بە هەمان شێوەیە داوای ٥٠٠ملیۆن دۆلارمان کردووە کە بە هەمان شێوە بایی ئەوەندە نەوتیان پێ دەدەینەوە، بۆیە ئەمە نابێتە قەرز.
گوتیشی، ئەو سەردانەی بۆ تورکیامان کرد پێوەندی نەبوو بە ڕێکەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵکە پێوەندی هەبووە بە پتەوکردنی پیوەندیی ئیمە لە ڕووی بارزگانی لەگەڵ وڵاتی تورکیادا.
سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند کە، گشت ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی کردووە(کە پەنجا کەشتیی نەوت بووە) هیچ گرفتی نەبووە، تەنیا ئەو کەشتییە نەبێ کە لە تەکساسدا لەنگەری گرتووە، بەڵام ئیمە بە شێوەیەکی یاسایی کێشەکەمان چارە کردووە و دادگای تەکساسیش ئەوە دەزانێت کە هەقەکە بە لای ئیمەوەیە، بەڵام بەغدا کێشەکەی کردووەتە سیاسی و، ئاخرییەکەیشی هەر چارە دەکەین، بەڵام ئێمە هەر بە ڕێگەی یاسایی کێشەکە بە یەکجاری چارە دەکەین.
سەرۆکوەزیرانی کوردستان بۆ مێدیاکاران ڕوونیشی کردەوە کە، بەغدا ١٦ملیار دینار قەرزاری هەرێمی کوردستانە؛ لەگەڵ ئەمەیشدا بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە دەبێ بەغدا بای ترلیۆنێک‌و٣٣٠ملیار دینار پارەمان بۆ بنێرێ لە هەر مانگێکدا، بەڵام ئەوان دەڵێن بە شێوەی نەفەقات پارە دەنێرین.
هەرچی وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانیشە لە هەمان دیداری حکوومەت و مێدیاکاندا، ڕوونی کردەوە کە، هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی پابەندی ڕێکەوتنەکە بووە، ئاخر هەندێ گرفتی تەکنیکی هەبوون وەک لە لوولەنەوتدا کە زوو چاک کراون، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی کێشەکە لە کۆگاکانی کۆمپانیای سۆمۆوەیە، چونکە ئەو کاتەی کە نەوتیان بۆ دنێرین هەندێ جار گوتوویانە ئەمڕۆ بۆمان ڕەوانە مەکەن، بەیانی بینێرن، ڕۆژی وا هەبووە لەجیاتی ٥٥٠هەزار بەرمیل ٦٠٠ هەزار بەرمیلمان ڕەوانە کردووە، بەڵام کۆگاکانی سۆمۆ کێشەن، ئێمە لە هەرێمی کوردستانەوە ٢٥٠هەزار بەرمیلی نەوت دەدەینە سۆمۆ و بەو ڕێگەیەوە ڕەوانە دەکریت، نەوتی کەرکووکیش کە ٣٠٠هەزار بەرمیلە، بە لوولەنەوتی هەرێمدا دەینێرین، بەڵام کیشەکە ئیمە نەبووین، کۆمپانیای سۆمۆ بوو، کەچی لەسەر هەریم حسێب کرابوو.
سەبارەت بە دابینکردنی گازی سرووشتی بۆ وێستەگاکانی کارەبای هەرێم، سەرۆکوەزیرانی کوردستان جەختی کرد کە بەرنامە و پلان هەیە کە وێستەگاکانی کارەبا لە گازوایلەوە بگۆڕدرێن بۆ گازی سروشتی، بەڵام ئێستا بڕی وەبەرهینانی گازی سروشتی بەشی تەواوی وێستەگاکان ناکات و لەدەرەوەیش گاز دەکڕین تا ئەو کاتەی کە بڕی پێویست بۆیان بەرهەم دەهێنرێت کە ڕەنگە ساڵێک زیاتری بوێ، ئەو کاتە گشت وێستگەکان گازی سروشتییان بۆ دابین دەکرێ.
سەرۆکوەزیرانی کوردستان داوایشی لە مێدیاکاران کرد کە، لە گەیاندن و روونکردنەوەی راستییەکاندا لەمدۆخەی ئێستادا هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.

وەزیری دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوەیەدا ڕایگەیاند کە، تا ئێستا هیچ دەوڵەتێک لەوانەی کە بەشدارن بۆ لێدانی تیرۆریستانی داعش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتی یەک دیناریان بۆ پێشمەرگە نەناردووە، ئێمە لە کۆی ئەو داهاتانەی کە کۆمان کردوونەتەوە جارێک بایی ١٦٠ملیار دینار و جارێکی دیکەیش بایی ٨٤ملیار دینار پارەمان داوتە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا خەرجی بکەن.

 

هەواڵی پەیوەندیدار