یەکێتیی زانایان: سەلماندوومانە کردەوەکانی داعش دژی ئیسلامهتییە؛ مێژووی ئیسلام شتی وای بە خۆیەوە نەبینوە

ههولێر-KDP.info- سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام لە ھەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو بەڵگانەی تیرۆرستانی داعش بۆ کردەوە قێزەونەکانیان بەکاری دەھێنن چەواشەکارانە و نادروستن و ناکرێت خەڵک پشتی پێ ببەستێ و، پێویستە بە وریاییەوه مامەڵەی لەگەڵدا بکەن؛ بە بەڵگەوە سەلماندوومانە کە کردەوەکانی تیرۆرستانی داعش دژی بنەماکانی ئایینی ئیسلامە.
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلام لە ھەرێمی کوردستان (مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش چەندین کردەوەى قیزەوهنی ئەنجامدا کە لەوانە سەربڕین و سووتاندنی مرۆڤە ھەوڵمان دا کۆی ئەو بەڵگانەی ئەوان بۆ خۆیان بەکاری دەھێنن لە ڕای زانایانی فیقھی ئیسلامی و شەرعیەتیان پێ داوە و خەڵکیان پێ چەواشە کردووە، بە شێوەیەکی زانستی کۆی بەڵگەکانمان تاوتوێ کرد و، لە نامیلکەیەکدا کۆ و بڵاومان کردووەتەوە."
(مەلا عەبدوڵا مەلا سەعید) گوتیشی، مەبەستمان لەو نامیلکەیە ئەوەیە کە خەڵکی ھەرێمی کوردستان بۆی ڕوون بێتەوە کە ئەو بەڵگە چەواشەکارانەی ئەوان بۆ کردەوە قیزەونەکانیان بەکاریان دەھێنن چەواشەکارانە و نادروستن و کەموکوری زۆری شەرعی تێدایە و ناکارێت پێیەوە پابەند بین.
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلام ڕوونیشی کردەوە، بە بەڵگەوە سەلماندوومانە کە ئەو کردەوانەی ئەوان دەیکەن لەمێژووی ئیسلام ڕوویان نەداوە، لەوانە سەربڕین و سووتاندن پێچەوانەی بنەماکانی ئایینی ئیسلامن و، ناکرێت ھیچ کەسێک بڕوا بەو بەڵگە سەقەتانە بکەن و پێویستە ھاووڵاتیان بە وریایی ھەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو جۆرە بۆچوونانە بکەن، چونکە ئەم کردارانە لە ئایینی ئیسلامدا نییە و ھەموو زانایانی ئایینی ئیسلام دژی ئەو کردەوانەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو نامیلکەیە ئێستا لە ھەموو لقەکانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە ھەرێمی کوردستان لە زاخۆوە تا دەگاتە خانەقین دەست دەکەوێت و، ھەرکەسێک پێی خۆشە با سەردان بکات، نامیلکەکەی پێ دەدەین.
بڵند ئیبراھیم




