ھەشتەم ھێرشی تیرۆریستان لە مەخموور تێک شکا؛ پەنجا کوژراویان لێ بەجێ ماوە

مەخموورــKDP.infoــ جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور ــ گوێڕ ئاماژە بە بەرزاییە گرینگەکانی سوڵتانعەبدوڵا دەکات و، دەڵێت "تیرۆریستانی داعش ئەمە ھەشتەم جارە هوروژم دێنن ئەو ناوچەیە بگرن، ئاخر شوێنێکی زۆر ستراتیژییە، بەڵام هەموو جارێ تێکمان شکاندوونەتەوە؛ هەر لە ھێرشەکەی دوێشەودا، ٥٠ تەرم زیاتریشیان لێ کەوتووەتە دەست ھێزی پێشمەرگە."
دکتۆر (ئاراس حهسۆ میرخان) جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخمور ــ گوێڕ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوێشەو تیرۆریستانی داعش لە سێ قۆڵەوە لە سنووری گردمامز و سوڵتانعەبدوڵا و گردجۆ ھێرشیان هێنایە سەر ھێزی پێشمەرگە، بەڵام بە توندی لێیان هاتینەوە دەست و، تێکمان شکاندن؛ زیانی زۆریشیان بەر کەوت."
جێگری سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور ــ گوێڕ گوتیشی: "ئەو تیرۆریستانەی دوێشەو ھێرشیان هێنابوویە سەر ھێزی پێشمەرگە، کەسیان دەرنەچوو، هەرهەموویان تێدا چوون، زۆربەیان بە دەستی پیشمەرگە کوژران و، باقییەکەیشیان کەوتنە بەر بۆردوومان و تیدا چوون؛ پەنجا لاشە زیاتریشیان لێ کەوتووەتە دەست پێشمەرگە."
(ئاراس حهسۆ میرخان) ئەوەشی خستە ڕوو، تیرۆریستان زیاتر لەو ناوچەوە ھێرش دەهێنن، ئاخر نیازی گرتنی بەرزاییە ستراتیژییەکانی سوڵتانعەبدوڵایان هەیە کە بە دەست ھێزی پێشمەرگەوەیە؛ ئەوێ دواخاڵی ھێزی پێشمەرگەیە و، چەند گوندێکی عارەبانیش بە دەست ئێمەوەن؛ ناوچەکە دەڕوانێتە سەر ڕووباری مووسڵ و، لە گەیارەیشەوە نزیکە، ئەوەی ئەوێی بە دەستەوە بێ، ناوچەکەی قۆڕخ کردووە."
(میرخان) گوتیشی، ئەمە ھەشتەم جارە تیرۆریستان لەو ناوچەیەوە ھێرش دەهێننە سەر ھێزی پێشمەرگە، بەڵام هەموو جارێ بۆڕ(شکست)ـیان خواردووە. شوکر ھێزەکانی پێشمەرگە ھەموویان بە ساغی لەو شەڕە دەرچوون.
بڵند ئیبراھیم




