خەڵکی، خۆیان لە داعش دەدزنەوە و خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە دەکەن

کەرکووک-KDP.info- بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک – دووبز ڕایگەیاند، چەند ڕۆژێکە لەبەر توندوتیژی و هەڵسوکەوتە خراپەکەی تیرۆریستانی داعش، خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتیان پەیتاپەیتا پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەکەن و، خۆیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن؛ دوێنێش چەند کەسێک خۆیانیان ڕادەستی پێشمەرگە کرد.
(د. کەمال کەرکووکی) بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک - دووبز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تیرۆریستانی داعش ئەوەندە توندوتیژ و خراپن لەگەڵ خەڵکدا، خەڵکی پەیتاپەیتا پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەکەن و، خۆیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن، دوێنێش چەند کەسێک خۆیان ڕادەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک – دووبز کرد."
دەربارەی مامەڵەی پێشمەرگە لەگەڵ خۆڕادەستکەراندا، (د. کەمال کەرکووکی) گوتی: "پێشمەرگە وەکو ئینسان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات و، زوڵم لە کەس ناکات؛ بەردەوامیش دەبین لە پاککردنەوەی ناوچەکە لە دەستی تیرۆریستان، ئەگەر هاووڵاتییەکیش خۆی ڕادەستی پێشمەرگە بکات مامەڵەیەکی ڕێکوپێکی لەگەڵدا دەکرێت و، بەپێی ئەو بابەتەی کە ئەو هاووڵاتیانە دەگرێتەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەگەر دیلیش بێت ڕادەستی دادگا دەکرێت، ئەگەر هاووڵاتیش بێ و، بێت خۆی ڕادەستی پێشمەرگە بکات لەگەڵ گشت جێگا ئیدارییەکان هاماهەنگی دەکرێت و لە شوێنێک دادەنرێت."
(کەرکووکی) گوتیشی: "ئەوەندەی زانیاریمان پێ گەیشتووە، ڕۆژ دوای ڕۆژ خەڵکی ژێردەستەڵاتی داعش زیاتر لە داعش دەبێزرێن و، بە شوێن ڕێگایەکدا دەگەڕێن تا دەربازیان بێت و لێیان دوور بکەونەوە."
بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک ــ دووبز دەیشڵێت: "تیرۆریستانی داعش ماوەیەکە بەردەوام شکست دەبەن؛ بۆیە هەوڵ دەدەن بە هەموو لایەکدا تەقە بکەن و، هاوەن فڕێ بدەن، ئێمەش بە هاماهەنگی لەگەڵ ژووری عەمەلیاتی هاوپەیمانان، شوێنەکانیان لە ناوچەی گوبێبە و دەوروبەری تۆپباران دەکەین؛ دوێنێشەویش هاوپەیمانان بۆردوومانیان کردن و، ئاگر لە بارەگاکانیان هەڵسا؛ دیار بوو تەقینەوەی تێدا بوو کە زۆر ئامێری پێشکەوتوویان تێک شکێندران و، ئاگریش لە عەمباری چەکەکانیان بەر بوو."




