٧٠ کەیسی پێوەست بە بەجینۆسایدناساندنی شنگال، بۆ بردنە لاهای ساز دراون

هه‌ولێر-KDP.info- جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له پەرلە‌مانی كوردستان دەڵێت بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی دژ به كوردانی ئێزدی، سێ پرۆژه‌یاسا ئاماده و پێشكه‌ش به پەرلە‌مان كراوه؛ لیژنه‌ی جینوسایدەکەی پارێزگای دهۆكیش 70 كه‌یسیان ته‌واو كردووه بۆ ئەوەی بیبەنە دادگای لاهای .
(ئامینه زكری) جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان له پەرلە‌مان، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "تا ئێستا سێ پڕۆژه‌یاسا ئاماده كراون بۆ پەرلە‌مان، به‌ڵام سەرنجێكی یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هه‌یه و، یاساناسان ده‌ڵێن ده‌بێت یه‌كه‌م جار دادگایه‌كی تایبه‌ت هه‌بێت و، لێی بكۆڵێتەوە و ددانی پێدا بنێت، پاشان بڕیاره‌كه ده‌ربكات ئه‌و كاته كاری پەرلە‌مان ده‌ست پێده‌كات؛ کە ئه‌و كاره ته‌واو بوو، ئینجا پڕۆژه‌یاساکە دەجووڵێنن."
(زكری) گوتیشی: "ئه‌وه‌ی ئاگادارم له لیژنه‌ی جینۆساید ئه‌و به‌شه‌ی له پارێزگای دهۆك هه‌یه 400 حاڵه‌تی ژنانی ئێزدی له به‌ر ده‌ستدایه؛ ئه‌وانه‌ی له ده‌ستی تیرۆریستانی داعش ڕزگاریان بووه، نزیكه‌ی 70 كه‌یس ته‌واو بوونه و، ئاماده‌یه بیدەینە دادگای نێوده‌وڵه‌تی؛ ئه‌مانه پێشكه‌ش به ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ده‌كه‌ن هەتا ئەوان بیدەن به دادگای لاهای."
جێگری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ده‌یشڵێت، له‌سه‌ر گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، ئه‌وانیش به‌ڵگه و دۆكیومێنته‌كان كۆ ده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده ببێت، هه‌رچه‌ند ئه‌وه‌ی من ئاگادارم لیژنه‌ی مافی مرۆڤی ژنێڤ هاتبوون و لێكۆڵینه‌وه‌ی خۆیانیان کردووە."
نه‌شوان به‌رزنجی




