پارتی و حزبی ئایندە کۆ بوونەوە؛ پێوەندیی دێرین و دۆستانەیان ئاسایی دەكەنەوە

هەولێر-KDP.info- سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان (فازڵ میرانی) لە پێشوازیی سکرتێری حزبی ئایندە (قادر عەزیز)ـدا، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە لە ئێستادا کورد یەکهەڵوێستن؛ راشیگەیاند دەبێ هەمووان زیاتر لەم قۆناغە مەترسیدارەدا هەست بە بەرپرسیارەتیی زیاتر بکەن.
ئەمرۆ لە سەڵاحەدین مەكتەبی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و حیزبی ئایندەی كوردستان كۆ بوونەوە و هەردوولا وێڕای تاوتووكردنی بارودۆخی ئێستا و شەڕی دژی تیرۆر و جەختكردنەوە لە پێویستیی یەكڕیزی لە كوردستان، بڕیاریشیان دا كە پێوەندییەكانی دیرۆكی و دۆستانەی نێوانیان ئاسایی بكەنەوە.
لەلایەنی پارتیی دیموكراتی كوردستان هەریەك لە سكرتێری مەكتەبی سیاسی (فازڵ میرانی) و (ئازاد بەرواری)، (مەحموود محەممەد)، (ڕێبوار یەڵدا) و (كاكەمین نەجار)، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و (رەمزی شەعبان) ئەندامی یەدەگی مەكتەبی سیاسی و (ئەحمەد كانی) ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی ئامادە بوون، لەلایەنی حیزبی ئایندە هەریەك لە (قادر عەزیز) سكرتێری حیزب و (نەسروڵڵا سورچی) بەرپرسی مەكتەبی سیاسی و (بڵند عومەر)، (مام جەوهەر عەلی) و (هەڵۆ كەركوكی)، (یاسین نێروەیی)، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حیزبی ئایندە ئامادە بوون.
(فازڵ میرانی) لە دیدارەکەدا ئاماژەی بە رەوشی ئێستای عێراق و كوردستان بە تایبەتی و دواپێشهاتەكان و، هەروەها قارەمانی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەو تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشی كرد، خۆشحاڵیی خۆشی دەربڕی كە لەم بارودۆخەدا كورد یەكهەڵًویستن و راشیگەیاند "دەبێ هەموومان زیاتر هەست بەو بەرپرسیاریەتییە لەم قۆناغە مەترسیدارەدا بكەین."
(میرانی) جەختی لە گرینگی هاوكاری و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەربازبوون لەو قۆناغە و، كۆدەنگی و یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان كرد، دووپاتیشی كردەوە كە "دەبێت هەموو لایەك زیاتر بەرگەی ئەم دۆخە بگرین؛ بەشداریی كاراتر بكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش."
لای خۆیەوە سكرتێری حزبی ئاییندە (قادر عەزیز) ئاماژەی دا کە، "یەكهەڵوێستی بەرانبەر کێشە چارەنووسسازەکان ئەركی هەموومانە بۆ پاراستنی ئەم دەستكەوتانە و ئامادەییی حیزبی ئایندەیشی دەربڕی بۆ هەر ئەركێكی نیشتمانی كە پێیان دەسپێردرێت."
لە كۆتاییدا هەردوو لا بڕیاریان دا كە پێوەندی دێرین و دۆستانەی نێوانیان ئاسایی بكەنەوە.




